پاسدارانی ئێران 43 مانگای هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست دەدزن

:: PM:03:09:13/09/2017 ‌

سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران 43 سەر مانگای هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست ئاودیوی سنوورەكەیان دەكەن و ئامادە نین بە هیچ  مەرجێك بۆیان بگەڕێننەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوولی 2017، عەبدولجەبار عومەر خاوەنی گاڕانەكە و دانیشتووی گوندی ئاڵانەی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو ساڵێك لە وەرزی بەهار بەمەبەستی لەوەڕاندنی مانگا و بزن و مەڕ و ماڵات روو لە كوێستانەكانی سیاكیۆ و مێرگە دووكان دەكەن و تا پایزێكی درەنگ ناگەڕێنەوە، بەڵام زیاتر لە مانگێكە پاسدارانی ئێران 43 سەر مانگایان لێ دزیون و بە هیچ  مەرجێك بۆیان ناگەڕێننەوە.

روونی كردەوە، لە رێكەوتی چواری ئابی ئەمساڵ لە لایەن سوپای پاسدارانی پایگای سیاكۆی  "گەروەماڵ" لە دۆڵەمەیدانی كێلەشینی هاوسنووری پیرانشاری رۆژهەڵاتی كوردستان، مانگاكانیان لێ بردوون كە بۆ لەوەڕاندن چووبوونە نزیك پایگایەكەی پاسداران لە سیاكۆ.

زیاتر دەڵێ‌، "هەر هەمان رۆژ بۆ هێنانەوەی مانگاكانمان سەردانی پایگامان كرد و بەیانووی بەزاندنی خاكی ئێران، داوایان كرد لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە سنووری حاجی ئۆمەران ئاژەڵەكانتان بە هاوكاری دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان وەربگرنەوە، بەڵام تا ئێستە هەر چاوەڕێی هێنانەوەی ئاژەڵاكانمان دەكەین و هەندێك لە گوێلكەكانی ئەو چێلانەش بێ شیر ماون و بە دەست شیریان پێ دەدەین".

بەگوتەی خاوەن گاڕانەكە، فەرماندەكەی پاسدارانی ئێران پێی راگەیاندوون كە مانگاكان بە نایاسایی هاتوونەتە ناو خاكی ئێران، بۆیە پێیان نادرێنەوە، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە مانگاكانی خاكی ئێرانیان بەزاندبێت و دەڵێ، "تەنیا بۆ لەوەڕ و خواردنی گژوگیا چووبوونە نزیك پایگا".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "لەگەڵ برایەكەم زیاتر لە چوار جار چووینەتە كۆنسۆڵخانەی ئێران لە شاری هەولێر و لەگەڵ ئاغای عیبادی و زارعی ڕاستەوخۆ قسەمان كردووە و پێی راگەیاندین كە ئاژەڵەكانی بە ئاگاداری ئاغای جەعفەری كە بەرپرسی ئەو بارەگاكەیە و سەر بە نیروی ئینتیزامی قەرارگەی حەمزەیە، بۆ شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان گوازراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە".

"هەواڵمان پێ گەیشتووە كە مانگاكانیان سەربڕیوین و كوشتوویانن و هەندێكیش دەڵێن ماون، بۆیە داوا لە تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەین هەوڵێكمان بۆ بدەن، چونكە دەست بەسەرداگرتنی 43 سەر مانگا زیانێكی گەورەی پێ‌ گەیاندووین"، خاوەنی مانگاكان وای گوت.

ئەمە جاری یەكەم نییە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مەڕ و ماڵات و چێڵ و بزنی هاووڵاتییانی دەڤەری برادۆست ئاودیو دەكەن. ساڵی رابردووش دوو گەنجی گوندی لێلكانی برادۆست كە بۆ گژوگیای بەهاری روویان لە گەلی خواكورك كردبوو، بە بیانووی نزیك كەوتنەوە لە پایگای پاسداران لە سەر سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان گیران و دواتر بە هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان ئازاد كران.

لەلای خۆشیەوە كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران زانیارییەكانی "وشە"ی پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند، "لە هەوڵی هێنانەوەی ئاژەڵەكانی ئەو هاووڵاتییانەی گوندی ئاڵانەی شارەدێی سیدەكانی سنووری سۆرانین، بە شێوەی فەرمی و بە نووسراو لە رێی پێوەندییەكانیان و كونسوڵخانەی ئێرانمان ئاگادار كردووەتەوە كە پێویستە مانگاكان بگێڕنەوە یان قەرەبووی خاوەنەكەی بكەنەوە".

 شارەدێی سیدەكان ساڵی 1932 بووەتە شارەدێ لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە شارۆكەی سۆران لە پارێزگەی هەولێرە، سیدەكان بە دووری 144 كم لە بەشی باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، تا پێش ساڵی 1996 بە فەرمی هەر بە شارەدێی برادۆست دەناسرا.

برادۆست كەوتووەتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە  زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی  بۆردومان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی ئێران و توركیا ئاوەدان نەكراونەتەوە .

سیدەكان/ موڕشید برادۆستی







وشە - ڕێبین فه‌تاح