نزیكەی سێ‌ هەزار كەسی داعش لە كوردستان گیراون

:: PM:03:32:13/09/2017 ‌
كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕای گەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دوو هەزار و 652 كەس لە كوردستان بە تۆمەتی بوونی پێوەندی بە داعشەوە گیراون و هەزار و 110 كەسیان تۆمەتی پێوەندیبوونیان بە چەكدارانی داعش بەسەردا ساغ بووەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، دیندار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركووك، دوو هەزار و  652 كەس بە تۆمەتی بوونی پێوەندی بە چەكدارانی داعش گیراون.

زیاتر گوتی، هەزار و 110 كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بووەوە و سزای سێ ساڵ زیندانی تا زیندانی تاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، بەهۆی بێتاوانیان 870 كەسیان ئازاد كران و 672 كەسیشیان تا ئێستە لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

ڕوونی كردەوە كە پڕۆسەی دادگاییكردنی ئەو كەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستییەوە گیراون، لە دادگاكانی لێكۆڵینەوە و تاوان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و دواتر بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (3)ی ساڵی 2006، هەروەها بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو تاوانبار دەكرێن و ئەوەی تاوانبار بێت سزا دەدرێت و ئەوانی تریان ئازاد دەكرێن.
 

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم