هەورامی: سبەی پەرلەمان كارا دەكرێتەوە

:: PM:04:00:13/09/2017 ‌
راوێژكارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، پەرلەمانی كوردستان سبەی كۆ دەبێتەوە. دووپاتیشی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لەكاتی خۆیدا كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، هێمن هەورامی راوێژكاری مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە تویتەر ڕای گەیاند، سبەی سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ پەرلەمانی كوردستان دوای زیاتر لە دوو ساڵ، یەكەم دانیشتنی خۆی ساز دەكات.

ئەو راوێژكارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە كە ریفراندۆم لەكاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت.

هێمن هەورامی لە بەشێكی تری تویتەكەیدا لە تویتەر دەڵێت، یەكگرتوویی زیاتر بۆ رۆژە گەورەكە، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ ڕێككەوتنی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی 10ی ئەیلوول پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا كە پەرلەمانی كوردستان لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی حەوت خاڵی كارا بكرێتەوە و رۆژی 14ی ئەیلوول دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.

ئێستە پارتی و یەكێتی سەرقاڵی فرەوانكردنی ڕێككەوتنەكەن و هەوڵ دەدەن گۆڕان و كۆمەڵیش بێنە نێو ئەو ڕێككەوتنە و پەرلەمان بە تەواوی حزبەكانەوە كارا بكرێتەوە.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم