"پەرلەمانی عێراق ناتوانێ ئیرادەی كورد بشكێنێت"
بارزانی: سەركێشی چاوەڕوانی لە عێراق سەختترە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، پەرلەمانی عێراق ناتوانێ ئیرادەی كورد بشكێنێت و كاتی ئەوە هاتووە هەموو خەڵكی كوردستان سنوورێك بۆ عێراق دیاری بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، لە میانەی پێشكردنی گوتارێك لە كەرنەڤاڵی پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كاتی ئەوە هاتووە هەموو خەڵكی كوردستان سنوورێك بۆ عێراق دیاری بكات و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش بڕیارێكی یەكلایەنە نییە.
بارزانی زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق كاری هاوبەشی قبووڵ نییە و 100 ساڵە چاوەڕوانی سەربەخۆیی دەكەین.
بارزانی دووپاتی كردەوە كە ڕیفراندۆم كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت و سەركێشی چاوەڕوانی لە عێراق سەختترە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بە بڕیارەكەی دوێنێی پەرلەمانی عێراق كرد كە ڕیفراندۆمی كوردستانی ڕەت كردەوە و ڕای گەیاند، ئەوە ڕێگریكردنە لە ئیرادەی گەلی كوردستان و پەرلەمانی عێراق ناتوانێ ئیرادەی كورد بشكێنێت، بۆیە داواكارم پەرلەمانی عێراق بە داواكارییەكەدا بچێتەوە.
بارزانی دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە كەس سەربەخۆیی بە دیاری نادات بە كوردستان و ئامادەی هەموو قوربانییەكین بۆ هاتنە دی سەربەخۆی كوردستان.
سەرۆكی كوردستان ڕوونی كردەوە كە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گفتوگۆیەكی دۆستانە لەگەڵ بەغدا ئەنجام دەدەین و ئەوانەشی ئێستە هەڕەشە دەكەن، هیچ بنەمایەكیان نییە.
رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
وشە -
سهرخێڵ هاشم