مەكگۆڕك چی بە بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند؟

:: PM:05:10:13/09/2017 ‌
كۆبوونەوەی نێوان برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا و بزووتنەوەی گۆڕان كۆتایی هات. مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردووە ‌و ئامادەن بۆ دامەزراندن ‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پێوەندییەكانی‌ نێوان كودستان ‌و بەغدا.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، كۆبوونەوەی نێوان برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، سەبارەت بە ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە و هۆشیار عومەر ئەندامی‌ ژووری‌ پێوەندییە دیپلۆماتییەكانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، مەكگۆرك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردووە ‌و ئامادەن بۆ دامەزراندن ‌و دروستكردنی‌ چوارچێوەیەك بۆ پێوەندییەكانی‌ نێوان كودستان ‌و بەغدا.

زیاتر گوتی، مەكگۆڕك رای گەیاندووە كە پرسی ڕیفراندۆم دەبەنە ئەنجوومەنی‌ ئاسایش ‌و هەفتەی‌ داهاتوو لە نیویۆرك قسەی‌ لەسەر دەكەن.

بەرپرسەكەی گۆڕان ڕوونی كردەوە كە  نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا پێی گوتوون كە لەگەڵ فڕەنسا ‌و بەریتانیا لە بەغدا تیمێك دروست دەكەن بۆ ئەوەی‌ هەموو تەنگژە ‌و ناكۆكییەكانی‌ نێوان كوردستان ‌و بەغدا چارەسەر بكرێن ‌و گرەنتی‌ هەبێت.

ئەو بەرپرسەكەی گۆڕان ڕای گەیاند، مەكگۆڕك پێی باش بووە ریفراندۆم لە رێگەی‌ پەرلەمانی كوردستانەوە دوا بخرێت. دووپاتی كردەوە كە بە بەرپرسە ئەمەریكاییەكەم گوتووە كە پێویستە هەموو حیزبە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان كار بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن، چونكە ئەوە مولكی یەك حزب نییە.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم