لە ڕاگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست (وشە) كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە داوە كە چوار كەس بە تۆمەتی ڕاوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی گیراون، هاوكات توانیویانە دەست بگرن بەسەر یەك چەكی جۆری تاپڕ و یەك ماتۆڕسكیلدا، تۆمەتباران خۆیان و كەرەستەكانیان ڕادەستی یاسا كران بۆ لێپێچینەوە.
عەقیدی پۆلیس "هێمن كمرخان ئەفەندی" بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی راگەیاند: لەلایەكی ترەوە مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ لە دەرچوونێكیان بۆ سنووری گوندی (ولیان) توانییان هاووڵاتییەك بگرن كە 25 داری تەمەن جیاوازی بە شۆفڵ هەڵكەندبوو و تۆمەتبارەكە ڕووبەرووی یاسا كرا.
ئەمەش دەقی راگەیەنراوەكەیە:
پۆلیــسی دارستان 4 تۆمەتباری دەستگیر كرد
ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان جوانییەكی سەرنجڕاكێشیان بەخشیوە بە سروشت و سیمای كوردستان، بۆمانەوە و گەشەپێدانی ئەو جوانییە، پێویستە هەمووان پارێزگاری لە ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان و سامانی سروشتی بكەین و پاراستنیشیان ئەركی سەرشانی هەمووانە و لەو پێناوەشدا مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان بەردەوام لە ئەركدان و جێگەدەست و هەوڵ و ماندووبوونیان بەئاشكرا دەبینرێت .
لەوبارەیەوە عەقیدی پۆلیس/ هێمن كمرخان ئەفندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند: لەپێناو پارێزگاریكردن لە سروشت و ژینگەی كوردستان و ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان، مەفرەزەكانمان بەردەوامییان هەیە و توانیویانە ڕێگریـیەكی باش بكەن و نەهێڵن سەرپێچیكاران زیان بەسروشت و ژینگە بگەیەنن و لە پێناوەشدا مەفرەزەیەكی بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شۆڕش، لە دەرچوونێكی مەیدانیدا توانییان 3 هاووڵاتی بەتۆمەتی ڕاوكردنی ئاژەڵ و باڵندەیی كێوی دەستگیر بكەن هاوكات دەست بگرن بەسەر 1 چەكی جۆری تاپڕ و 1 ماتۆڕسكیلدا، تۆمەتباران خۆیان و كەرەستەكانیان ڕادەستی یاسا كران بۆ لێپێچینەوە .
لەلایەكی ترەوە مەفرەزەیەكی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ لە دەرچوونێكیان بۆ سنووری گوندی (ولیان)، توانییان 1 هاووڵاتی دەستگیر بكەن كە 25 داری تەمەن جیاوازی بە شۆفڵ هەڵكەندبوو و تۆمەتبارەكە ڕووبەڕووی یاسا كرا.
عەقید هێمن كمرخان دووپاتی لەوە كردەوە كە پارێزگاریكردن لە سروشت و ژینگەی كوردستان و ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان، ئەركی سەرشانی هەمووانە و پێویستە هەموومان زیاتر پابەند بین بەڕێنوێنییەكانی پۆلیسی دارستان .
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان وژینگەی پارێزگای سلێمانی
10/10/2016
وشە/ موحسین شابان