پەرلەمانتارێكی كورد: ئەگەری هەیە بایكۆتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق بكەین

:: PM:06:50:13/09/2017 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە تا سبەی چاوەرێی پەرلەمانی عێراق دەكەین بۆ ئەوەی بڕیاری رەتكردنەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەڵوەشێنێتەوە، ئەگەر نا سبەی وەك نوێنەرانی كورد كۆ دەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان رادەگەینین كە رەنگە بڕیار بدەین لە بایكۆتكردنی دانیشتنەكان بەردەوام بین.

عەرەفات كەرەم ئەمڕۆ چوارشەم بە"وشە"ی راگەیاند، وەك پێنج فراكسیۆنی كوردی لە پەرلەمانی عێراق بڕیارەكەی پەرلەمان لەبارەی رەتكردنەوەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بە هەڵە و نادەستووری دەزانین و پێمان وایە پەلەی تێدا كراوە و پرس بەكورد نەكراوە، چونكە بڕیارەكە بەشەو ئامادە كرابوو بۆ ئەوەی راستەوخۆ دەنگی لەسەر بدەن و پەسەندی بكەن، كە ئەمەش هەرێمی كوردستان هان دەدات بۆ ئەوەی زیاتر كار بۆ سەربەخۆیی بكات.

زیاتر گوتی، داوامان لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق كردووە ئەو بڕیارە هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا سبەی وەك فراكسیۆنە كوردییەكان كۆ دەبینەوە و هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین، خۆشبەختانە تا ئێستەش هەموو فراكسیۆنەكان لەو بارەیەوە یەك هەڵوێستن.

كەرەم ڕوونی كردەوە كە ئەو بڕیارەی ئەوان بڕیارێكی تاكڕەویە و بڕیارێكە لەدژی داخوازی خەڵكی كوردستانە. راشی گەیاند، ئەم بڕیارەی پەرلەمان وەك پیلانێك بوو لەدژی هەرێمی كوردستان و ناكرێت پەرلەمانی عێراق ببێتە بەشێك لە كێشە سیاسییەكان، بۆیە لە پەرلەمان هەڵوێستی خۆمان دیاری دەكەین.

ئەو پەرلەمانتارە دووپاتی كردەوە كە لە كۆبوونەوەی سبەی بڕیار دەدەن كە هەڵوێستیان چی دەبێت، كە رەنگە بایكۆتی دانیشتەكانی پەرلەمان بكەن و ئەمەش یەكێك بێت لە هەڵوێستەكان و لەگەڵ سەركردایەتیش لەسەر خەت دەبین بۆ ئەوەی بزانین چ هەڵوێستێكمان هەبێت.

لەبارەی گەرانەوەی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداوە بۆ هەرێم بەشێوەیەكی یەكجاری، كەرەم ئاشكرای كرد كە تا ئێستە باس لەوە نەكراوە و ئەگەر شتێكی لەو جۆرەش هەبێت، سەركردایەتی كورد بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئەو قۆناغە.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل