سەرۆكی لیژنەی ڕاگەیاندنی بانگەشەی ڕیفراندۆم گۆڕدرا

:: PM:07:36:13/09/2017 ‌
كۆبوونەوەی لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و بڕیار درا كە سبەی جارێكی تر كۆببنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، لیژنەی ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، دوا بەدوای كۆبوونەوەكەش سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ تایبەت بووە بە ڕێكخستنی كاروبارەكانی ڕاگەیاندن و بانگەشەی ڕیفراندۆم بۆ "بەڵێ‌".

زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا هەرچەندە بڕیاربوو كە (مەلا بەختیار)، بەرپرسی دەستەی كارگێری سەرپەرشتی لیژنەكە بكات، بەڵام گۆڕدرا بۆ (ئەرسەلان بایز)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی.

سەرچاوەكە رای گەیاند، سبەی لیژنەكە جارێكی تر كۆ دەبنەوە و نەخشەڕێگەی ئەنجامدانی بانگەشە و ڕیفراندۆم دادەڕێژن.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

 






وشە - سه‌رخێڵ هاشم