سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم چەند ڕێنوێنییەكی بڵاو كردەوە
سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە بارەی هەڵمەتی بانگەشەی "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.
ئیوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە مەبەستی زیاتر رێكخستنەوەی هەڵمەتی بانگەشەی ریفراندۆم ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا چەند خاڵێك خراوەتە ڕوو.
بڕیارەكانی سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم ئەمانەن:
1- دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هێما و ئاڵا و رەمزی هەر لایەنێك یان وڵاتێك جگە لە ئاڵای كوردستان.
2- دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ناو و وێنەی سیمبۆل و سەركردەكان وەك پڕوپاگەندە یان بانگەشەی ریفراندۆم.
3- دووركەوتنەوە لە بێڕێزیكردن یان هێرشكردنە سەر سەركردە و ئاڵا و سیمبوڵی هەر لایەنێك یان وڵاتێك.
4- پاراستنی ئارامی شار و شارۆكەكان، پاراستنی موڵكی گشتی.
5- پاراستنی ئارامی هاووڵاتییان.
6- هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگە تەناهییەكان و پۆلیس و فەرمانگە حكومییەكان.
7- دووپاتی دەكەینەوە لەسەر ئازادی رادەربڕین و رێگەدان بە ئەنجامدانی چالاكی و هەڵمەت و بانگەشەی ریفراندۆم بە ئازادی و بە شێوەیەكی شارستانی و ئاشتییانە، بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان، رێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.
حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەر دیاری كرد، ئێستەش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.
وشە -
سهرخێڵ هاشم