گۆڕان نەیتوانی خۆی یەكلا بكاتەوە و كۆبوونەوەكانی دواخست

:: PM:09:56:13/09/2017 ‌
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، كۆبوونەوەی جڤات دواخراوە بۆ سبەی و رای جیاواز زۆرە لە نێو كۆبوونەوەكەدا.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی ئەیلوول، دوای چەندان سەعات كۆبوونەوە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، خۆی یەكلا نەكردەوە و بڕیاری دا كۆبوونەوەكان سبەی تەواو بكرێن.

چالاك موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەی جڤات دواخراوە بۆ سبەی و رای جیاواز لە كۆبوونەوەكەدا زۆر بووە، بۆیە پێویست بوو دوا بخرێت.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئامادە نەبوو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان تا ئێستە ئاشكرا بكات، بەڵام ڕای گەیاند، كۆبوونەوەكان بە ئاراستەی چارەسەر ڕۆیشتووە.

ئەوە لەكاتێكدایەكە یەكێتی و پارتی چاوەڕوانی گۆڕان دەكەن بۆ وەڵامدانەوەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان.

هەر ئەمشەو دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو 14ی ئەیلوول بەرێوە بچێت، دوا خرا بۆ چەند ڕۆژێكی تر.

پارتی و یەكێتی 10ی ئەیلوول لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی حەوت خاڵی بڕیاریان دا پەرلەمانی كوردستان كارا بكەنەوە و هەوڵیش دەدەن هەموو حزبەكان بەشداری لەو ڕێككەوتنەدا بكەن.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم