ئافرەتانی سۆران لەنێو گەڕەك و ماڵاندا ئاڵای كوردستان دابەش دەكەن

:: PM:09:58:13/09/2017 ‌
 
بەمەبەستی دەربڕینی پشتگیری لە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم، ئافرەتانی شارۆكەی سۆرانی سەر بە پارێزگەی هەولێر لە هەڵمەتێكدا سەتان ئاڵای كوردستانیان لەنێو ماڵ و گەڕەك و كۆڵانەكانی سۆراندا دابەش كرد.

زیبا تەها یەكێك لە ئافرەتانی سۆران "وشە"ی راگەیان، ئەمڕۆ لە نێو گەڕەك و كۆڵانەكانی سۆراندا ماڵ بە ماڵ گەڕاین و ئاڵای پیرۆزی كوردستانمان پێشكەش كردن و بەڵێنی بەشداریكردنی ریفڕاندۆم و دەنگدان بەسەر بەخۆیی كوردستانیان پێ داین.

زیاتر گوتی، ئافرەتان رۆڵی گرنگییان هەبووە لە شۆڕشە یەك لە دووای یەكەكانی مێژووی میلەتی كورد، لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمیش وەكو ئافرەتانی سۆران بە هەموو شێوەیەك پشتگیری دەكەین و رۆژی ریفڕاندۆم پێشەنگ دەبین لە دەنگدان بە بەلێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

كەلسووم وەهاب ئافرەتێكی دانیشتووی گەڕەكی كاوە لە سۆران بە " وشە "ی راگەیاند، زۆر تامەزرۆی گەیشتنین بە رۆژی 25ی ئەیلوول تا بە ئاهەنگ و زەماوەند رۆژی دەنگدانی سەربەخۆیی كوردستان بگێڕین، دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەین.

زیاتر گوتی، پێویستە هەموو خەڵكی كوردستان دوور لە بیری تەسكی حزبایەتی دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەن و  ئەوانەی بانگەشی نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستانیش بڵاو دەكەنەوە، شەرمەزاری مێژوو و خەڵكی كوردستان دەبن.

نێرگز محەمەد كچە قوتابییەكی دەرچووی كۆلیژە و دانیشتووی سۆرانە، ئەو لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، سەربەخۆیی كوردستان مافێكی ئاسایی و یاسایی خۆمانە كە  ببین بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، چونكە باوەڕ ناكەم هیچ نەتەوەیەك ئەوەندی میلەتی كورد بۆ گەیشتن بە سەر بەخۆی قوربانی دابێت، بۆیە دەنگ بە بەڵێ دەدەین ، چونكە  بە درێژایی مێژوو زوڵم و ستەممان لێ دەكرێت و بەژێردەستی دەژین،  ئێستە هەڵێكی گرنگ هاتووەتە پێش پێویستە پارێزگاری لێ بكەین و لەدەستی نەدەین.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجی ئەیلوول/سێتپێمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان تا ڕۆژی 22ی ئەیلوول/سێپتێمبەری دیاریی كرد، ئێستەیش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كراوە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. 

سۆران/ موڕشید برادۆستی

















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل