هەفتەی داهاتوو شاندی كوردستان دەچێتەوە بەغدا


بەرپرسی فایلی كورد لە هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) ئاشكرای دەكات كە هەفتەی داهاتوو شاندی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و وتوێژەكانی نێوان هاوپەیمانیەتییەكە و هەرێمی كوردستان دەست پێ دەكەنەوە.

عەبدوڵا زەیدی ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەم لێدوانێكی تەلەفۆنیان لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە پێ گەیشتووە و رێككەوتوون بۆ دیاریكردنی سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەك وادەی سەردانیكردنی شاندی كوردستان بۆ بەغدا.

زیاتر گوتی، هەفتەی داهاتوو وتوێژەكانی نێوان شاندی هاوپەیمانی نیشتیمانی و شاندی كوردستانی كە بە سەرۆكایەتی دكتۆر رۆژ نووری شاوەیس دەبێت، ئەو هیوای خواست كە وتوێژەكان ببێتە مایەی چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا. 

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق دوێنێ لە بڕیارێكی بەپەلە و نایاسایی لە دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە عێراق بڕیارێكی دەركرد و سەرۆك وەزیرانی عێراقی راسپارد بۆ وەرگرتنی رێوشوێنی رێگرتن لە ئەنجامدانی پڕۆسەكە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە سەرانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ دەست پێ كردنی وتوێژ لەگەڵ بەغدا.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەغدا داوای لە سەرانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ سەردانیكردنی بەغدا بۆ وتوێژكردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ پرسە ناكۆكەكانی نێوانیان.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

سەرچاوە: سۆمەرییە نیوز



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:10:52:13/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 1188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌