تۆماس ئەو قەشەی بە تۆمەتی خواردنەوە زیندانی كرا

:: PM:11:10:13/09/2017 ‌

 

تۆماس ئەكیونی Saint Thomas Aquinas ئەو قەشەیەكی لاهوتی كاسۆلیكی وڵاتی ئیتاڵیا بوو، لە گەورەترین فەیلەسووفەكانی سەتەی ناوەڕاستە، بە "دكتۆری فریشتەیی" ناسراوە. لە كۆشكی ڕۆكاسیكای نزیك شاری ئەكیونی بەشێكی دەكەوێتە نێوان ڕۆما و ناپۆلی. لە خێزانێكی لۆمباردی نزیك لە فریدریكی دووەم و لە ساڵی 1225ی زاینیدا هاتووەتە دنیاوە. تۆماس لە ڕۆكاسیكای هەرێمی ئەكینۆی وڵاتی سەقڵییە دا لەدایكبوو (ئێستە هەرێمی لاتسیۆی ئیتاڵیایە).

بەگوێرەی بۆچوونی هەندێك لە نووسەران لە قەڵای ئەكوینۆ، لە ئامێزی خانەوادە و ژیانی ئەرستۆكراتییەتی بابیدا هاتە دنیاوە. بابی تۆماس سەر بە ڕەچەڵەكی بەهێزی خانەوادەكەی نەبوو، بەڵام دایكی لە تۆرەمەی خانەوادەی ڕۆسی بوو، كە لقی ناپۆلی ڕۆتشۆلۆ بوو. سیندیباڵ یەكەم كاهین ‌و سەرۆك دێری مەزن بوو لە مۆنتی كاسیۆ، هەوەڵ بندیكتین بوو. وەختێ‌ تەواوی خانەوادەكەی تۆماس كوڕەكانیان دەنێردرانە بەر خزمەتی سەربازی، بەڵام‌ ئەوان تۆماسیان ئامادە كرد تا ڕێچكە و ڕێگەی مامی بگرێتەوە و ببێتە ڕاهیبێكی مەزنی كەنیسەی مۆنتی كاسیۆ.

ئەمەش بۆ گەنجێكی خانەوادەیەكی خانەدانی باشووری ئیتاڵیا كارێكی نۆرماڵ‌ و چاوەڕێكراو بوو. ئەوەبوو تۆماس لە تەمەنی پێنج ساڵیدا نێردرایە بەر خوێندن لە مۆنتی كاسۆدا، بەڵام‌ پاش پێكدادانی سەربازی نێوان ئیمپراتۆر فریدریكی دووەم ‌و پاپا گریگۆری نۆیەم، ئیدی گەڕایەوە بۆ ناپۆلی، كە ئەمەش لەساڵی 1239دا بوو. 

لاند فوڵ‌ و سیۆدۆرا لە ستادیۆمی گشتی زانكۆدا تۆماسیان وەرگرتبوو، ئەوەش لە ناپۆلیدا و لەلایەن فریدریكەوە دروست كرابوو. هەر لەوێدا بوو كە تۆماس ئاشنابوو بە ئەرستۆ و ئیبن ڕوشد و ئیبن مەیمون. دواتر هەموو ئەمان شوێنی دیارییان لەسەر فەلسەفەی خوداناسی تۆماسدا بەجێهێشت. دیارە، كە هەموو ئەو كاریگەرییە لە ماوەی خوێندنەكەیدا بوو لە ناپۆلی، خودی تۆماس لەژێر كاریگەریی جۆن سانت جۆلیاندا بوو. دیارە كە واعزێكی دیاری دۆمینیكان بوو لە ناپۆلیدا. ئەمەیش بەشێك بوو لە هەوڵی كارای دۆمینیكانەكان بۆ ڕاكێشانی خەڵك‌ و ڕاهێنانی شوێنكەوتووەكانیان بە وابەستەبوون بە دەمارگیریی هزرییانەوە.

تۆماس مامۆستاكەی بەگەلێ‌ لە زانستەكان ئاشنای كرد، لەوانە ئەندازە و ژمێریاری‌ و مۆسیقا و ئەستێرەناسیدا. قەڵای مۆنتی سان جۆڤیانی كامبیانۆ لەتەمەنی 19 ساڵیدا تۆماس بەتەواوی پێوەندی كرد بە دۆمینیكانەوە و ئەو نەزمە نوێیە تازە دامەزراوەی پەسەند كرد. تۆماس لە گۆڕانكارییە هزری‌ و ڕووحییەكەیدا ڕەچاوی سەرنجی خانەوادەكەی خۆی نەكرد. هەربۆیە لە هەوڵی ڕێگریكردن لە دەستێوەردانی سیۆدۆرا بۆ هەڵبژاردەكەی تۆماس، دۆمینیكەكان تۆماسیان گواستەوە بۆ ڕۆما ‌و دواتریش لە ڕۆماوە چووە پاریس.

هەرچەند كە لەمیانی گەشتێكی تۆماسدا بۆ رۆما، بەگوێرەی زانیارییەكانی سیۆدۆر، براكەی توانی تۆماس دەستبەسەر بكات ‌و بیگەڕێنێتەوە بۆ لای دایبابی. دیارە بە پاساوی خواردنەوە تۆماسییان لە قەڵای مۆنتی سان جوڤان مۆنتیانۆدا، بەندیان كرد. بۆماوەی ساڵێك لەو قەڵایەدا و لەلایەن خێزانەكەیەوە دەستبەسەر بوو، ئەوەش تەنێ‌ لەپێناو دوورخستنەوەی بوو لەو بیروباوەڕە نوێیەی دۆمینیكان ‌و پەسەندكردنی وەك لایەنێكی ڕووحی لە هزر ‌و ڕووحی تۆماسدا.

نیگەرانییە سیاسییەكان ڕێگرییان كرد لەوەی پاپا هەوڵی ئازادكردنی تۆماس ئەكیونی بدات، هەربۆیە ئەمەش كاری كردە سەر زۆربوونی ماوەی دەستبەسەركردنەكەی تۆماس. تۆماس ماوەی دەستبەسەركردنی بە وانە گوتنەوەی كچانی كڵێسا و ئەندامانی دۆمۆنیكان ‌و پێوەندیكردن لەتەكیان گوزەراندی. هاوكات ئەندامانی خێزانەكەی بەتەواوی نائومێد بوون لەوەی كە تۆماس ئاشناكەنەوە بەنەزمی كلاسیكیی ئاینداریی خۆیان. تۆماس لەسەر درێژەدان بە ڕەوگەی دۆمۆنیكان سوربوو.

بۆیە خانەوادەكەی ‌و دووان لە براكانی بیریان لە بەكرێگرتنی ژنێكی لەشفرۆش كردەوە، تا لەو ڕێگەیەوە لەخشتەی بەرن. بە گوێرەی ئەفسانەیەك لەبارەی تۆماسەوە ئەو ئاسنی گەرم‌ و سورەوە بووی دەخستە سەر دەستانی تا بێئاگا بێت لە ئافرەتەكە تا ڕادەیەك، كە لەخەونیدا دووان لە فریشتەكانی ئاسمان دێنە لای ‌و پەیمانی بەهێزی‌ و خۆڕاگریی پێ دەدەن.

 دیگۆ ولاسكز دەڵێ:‌ ئەو فریشتانە كەمەربەندی پیرۆز و پاكییان ئاڵاندووەتە تۆماس، ئەمە هەمووی لە ساڵانی 1244 زایینی بووە. دواجار سیۆدۆر پاش ئەوەی هەموو هەوڵەكانیان شكستیان هێنا بۆ پاشگەزبوونەوەی تۆماس، ئیدی بۆ پاراستنی نێوبانگی بنەماڵەكەیان ڕێگەی بۆ تۆماس خۆش كرد تا لە پەنجەرەی بەندییەكەیەوە هەڵبێت ‌و قووتاربێت. چوون بەخەیاڵی خۆیان قوتاربوونی زیانی كەمتربوو لەوەی بمێنێتەوە و كاریگەریی دابنێت. ئیدی نێردا بۆ ناپۆلی ‌و دوواتر بۆ ڕۆما تا چاوی بە یۆهانس ڤۆن بكەوێت، كە گەورەی دۆمینیكانەكان بوو لەوكاتەدا.

تۆماس لە دوا ساتەكانی ژیانیدا، كاری لەسەر یەكێك لە بەناوبانگترین كارەكانی خۆیدا دەكرد، بەپێی ئەو وەسیەتەی، كە خۆی كردبووی، خەریكی كارێك بوو بە ناونیشانی (خەلق و خالق) بوو، لە ڕۆژی حەوتی مارسی ساڵی 1274دا، كە دەكاتە 673ی كۆچی، لە شاری لازیۆی ئیتاڵی دنیای جێهێڵا و بۆ یەكجاری چاوی لیكنا. 



 



وشە - ژیڤان خۆرانی