بارەگەیەكی حەشدی شەعبی لە بەغدا بۆردمان كرا

:: AM:08:50:14/09/2017 ‌

سەرچاوەكانی تەناهی لە بەغدا ئاشكرایان كرد، سێ گولەهاوەن لە ناوچەیەكی كەڕادەی ناوەڕاستی شاری بەغدا تەقینەوە، ترس و دڵەڕاوكێی زۆری لە دڵی خەڵكی ناوچەكە دروست كردووە، بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانیش هاوەنبارانەكە بارەگەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە بەغدا كردووەتە ئامانج.

سەرچاوەیەك بە "سۆمەریەنیوز"ی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو سێ گولەهاوەن لە گۆڕەپانی كەرەڤانەكانی نزیك هۆتێل بابلی ناوچەی كەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا كەوتنە خوارەوە، دوای ڕووداوەكە هێزە تەناهییەكان شوێنەكەیان بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كرد و تیمەكانی ئاگركوژێنەوەیش گەیشتنە شوێنەكە بۆ كوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی بەهۆی كەوتنە خوارەوەی گولەهاوەنەكان دروست بووبوو.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی لەوە كردەوە، كە لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی ئەو گولەهاوەنانە هیچ زیانێكی گیانی نەكەوتووەتەوە و تەنیا زیانی مادی هەبووە.

قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق ئاشكرای كرد، گولـلەهاوەنەكان كە ئاراستەی بەغدا كراون، ئامانجیان بۆردمان كردنی بارەگەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی بووە و زیانی مادی زۆریش بەر بارەگەكەی حەشدی شەعبی كەوتووە.
ئەو ڕووداوە تەناهییە لە بەغدا لە كاتێكدایە هەر شەوی ڕابردوو لە ناوچەی زەیوونەی بەغدا ئۆتۆمبێلێك تەقییەوە و بووە هۆی كوژرانی دوو كەس و برینداربوونی چەندانی تر.

بەگوێرەی ئامارێكی فەرمی كە وێنەیەكی لای "وشە" هەیە، لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستە نزیكەی 200 هەزار كەس بەهۆی تەقینەوەكان لە عێراق گیانیان لە دەست داوە، لە زۆرینەی ڕەهای تەقینەوەكانیش لە بەغدابوون و كۆی گشتی تەقینەوەكانیش 60 هەزار تەقینەوە بووە، بەو هۆیەوە بەغدا و ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە یەكێك لە نائارامترین شوێنی دنیا دادەنرێن.




وشە - باز ئه‌حمه‌د