كاروانێكی داعش گەمارۆ دراوە

:: AM:09:16:14/09/2017 ‌

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، كاروانێكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گەمارۆ دراون و بە تەواوی ڕێ لە جموجۆڵیان گیراوە، كە ماوەی دوو هەفتەیە لە ناوچەكانی لبنان و سووریاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی دێرزوور هاتوون، بە گوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان حزبوڵا و ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجام دراوە.

گەمارۆدانی ئەو كاروانەی تیرۆریستانی داعش لە كاتێكدایە، چەند ڕۆژێك پێش ئێستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای ڕووسیا دوور كەوتەوە لە چاودێریكردنی كاروانەكەی تیرۆریستانی داعش، بەڵام دواتر چاودێریكردن و گەمارۆدانیان لە ناوچە بیابانییەكانی بادیەی سووریا دەستی پێ كردەوە.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی داوە، پاسەكان پڕن لە تیرۆریستانی داعش و خێزان و منداڵەكانیان، ئەوان ئێستە گەیشتوونەتە ناوچەكانی ژێر دەستی داعش لە دێرزوور، بەڵام دەیانەوێ دوورتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی سووریا و سنوورەكانی عێراق بڕۆن.

ئەو كاروانە نوێیەی تیرۆریستان دوای ئەوە دێ كە لە ڕۆژی 28 و 30ی مانگی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان، دوو كاروانی تیرۆریستانیان بۆردمان كرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 چەكداری داعش و خانەوادەكانیان كوژران.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د