كتێبخانە بۆ ئاوارەكان كرایەوە

:: AM:09:22:14/09/2017 ‌

لە كەمپێكی ئاوارەكان كە كوردانی ئێزیدی تێیدا نیشتەجێن، پەرتووكخانەیەك بە هەزار ناونیشانەوە كرایەوە، بۆ ئەوەی خەڵكی ناو كەمپەكە سوودی لێ وەرگرن و فەرهەنگی كتێب خوێندنەوە لەیاد نەكەن و لە هەر دۆخ و بارێكدا یاوەریان بێ.

ناجی حاجی عەلۆ خاوەنی پەرتووكخانەكە بۆ "وشە" گوتی، لە كەمپی شاریایی شارۆكەی سێمێلی پارێزگای دهۆك، كە ئاوارەكانی كوردانی ئێزیدی لێ نیشتەجێیە پەرتووكخانەیەكمان بە هەزار ناونیشانەوە كردەوە، ئەو كارەیش بە هاوكاری پەرلەمانتاری كوردی ئێزیدی ڤیان دەخیل لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كراوەتەوە، ناونیشانەكانی نێو پەرتووكخانەكەیش بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزین و هەمووان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.

هەروەها گوتی، ئەم كارەمان هەوڵێكە بۆ هاندانی خەڵكی ناو كەمپەكە بۆ ڕووكردن لە خوێندن و خوێندنەوە و لە بەرنامەیشماندا هەیە لە داهاتوو ناونیشانەكانی پەرتووكخانەكە زۆرتر و زیاتر بكەین، ئەو ناونیشانەیشی ئێستە لە پەرتووكخانەكەن بوارەكانی "زمان و ئەدەبیات و فەلسەفە و كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری"یان لە خۆیان گرتووە و هەموو خەڵكی ناو كەمپەكە دەتوانن لە پەرتووكخانەكە بێن و كتێب بخوێننەوە، یانیش دەتوانن بیبەن بۆ ماڵەوە و بیخوێننەوە و دواتر بیهێننەوە، هیچ بڕە پارەیەك لە بەرامبەر ئەمە وەرناگیرێ و بە تەواوی بەخۆڕایی و بێ بەرامبەرە.

دهۆك/كاوران باعەدرێ.









وشە - باز ئه‌حمه‌د