خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا... ریال مەدرید و مانچستەر سیتی و تۆتنهام سەركەوتنیان بەدەستهێنا

:: AM:09:26:14/09/2017 ‌

شەوی رابردوو لە درێژەی یارییەكانی گەڕی یەكەمی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، چەندان یاریی گرینگ بەڕێوە چوون و تێیدا هەریەك لە یانەكانی ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچستەر سیتی و تۆتنهامی ئینگلیزی سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.

سەرەتا لە كۆمەڵەی پێنجەمدا لەنێو یاریگەی ئانفێڵد هەردوو یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و سڤیلییەی ئیسپانی رووبەڕووی یەكتر بوونەوە، یارییەكەش بە یەكسانبوونی هەردوولا بە 2 گۆڵ بەكۆتا هات.

یارییەكی تری هەمان كۆمەڵە كە لەنێوان ماریبۆری سلۆڤینی و سپارتاك مۆسكۆی رووسی بەڕێوە چوو، بەهەمانشێوە بە یەكسان بوون و بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ بەكۆتا هات، بەمەش ئێستا هەرچوار یانەكە خاڵێكیان هەیە و بە جیاوازی خاڵ لە ریزی یەكەم و دووم دێن.

لە كۆمەڵەی شەشەم یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری بە ئەنجامی 4 گۆڵی بێ وەڵام شكستی بە یانەی فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی هێنا.

لە یارییەكی تریشدا یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرامبەر یانەی شاختار دۆنیتیسك شكستی خوارد و بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ یارییەكەی دۆڕاند.

لە كۆمەڵەی حەوتەمیشدا یانەی بێشكتاشی توركی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یەكەم 3 خاڵی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای بەدەستهێنا كاتێك بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ لە یانەی پۆرتۆی پورتوگالی بردەوە.

هەروەها یانەكانی لایبزیگی ئەڵمانی و مۆناكۆی فڕەنسیش كە هەر لە ریزی یانەكانی كۆمەڵەی حەوتەمن، شەوی رابردوو بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان بوون، بەمەش ئێستا یانەی بێشكتاشی توركی بە 3 خاڵ ریزبەندی یەكەمی كۆمەڵەكەی گرتووە.

لە كۆمەڵەی هەشتەم و كۆتایشدا كە بە بەهێزترین كۆمەڵەی ئەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دادەنرێ، یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەپۆیل نیكۆسیای قوبڕسی بردەوە، هەروەها یانەی تۆتنهامی ئینگلیزیش لەنێو یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بردەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م