پۆگبا ماوەی زیاتر لە مانگێك یاریی ناكات

:: AM:09:40:14/09/2017 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی و راهێنەرەكەی جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالی هەواڵێكی ناخۆشیان پێ گەیشت ئەویش دووركەوتنەوەی زیاتری مانگێكی ئەستێرە فڕەنسییەكەیان بوو پۆڵ پۆگبا بەهۆی پێكانەوە.

پۆگبا لە یارییەكەی پێرێ سێشەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی بازلی سویسڕایی، تووشی پێكان هات و بەهۆیەوە نەیتوانیبوو یارییەكە تەواو بكات.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: پۆگبا تووشی پێكانی چۆكی هاتووە و بەهۆیەوە بەلایەنی كەم ماوەی 4 هەفتە لە یاریكردن دوور دەكەوێتەوە، بڕیاریشە پزیشكە تایبەتییەكانی یانەی مانچستەر یونایتد پشكنینی زیاتری بۆ ئەنجام بدەن تا بەتەواوی لە قەبارە و ماوەی دووركەوتنەوەكەی دڵنیابنەوە.

بێگومان دووركەوتنەوەی ئەو یاریزانە تەمەن 24 ساڵییە كێشەی گەورە لە هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتد دروست دەكات بەتایبەتیش كە لە مانگی رابردوودا بە باشترین یاریزانی خولی نایابی ئینگلیزی دەستنیشان كرابوو.

بەشێوەی سەرەتا دەركەوتووە پۆگبا لەو یارییانەی داهاتووی یانەی مانچستەر یونایتد یاریی ناكات، لە خولی ئینگلیزی بەرامبەر یانەكانی ئێڤەرتۆن و بۆرتۆن، دوای ئەویش لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر سیسكا مۆسكۆی رووسی بەشدار نابێت و دواتریش بەهەمانشێوە لە یارییەكانی خولی ئینگلیزیدا بەرامبەر كریستیال پاڵاس و ساوتهامتۆن یاریی ناكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م