بەرشەلۆنە بەیەكجاری وازی لە كۆتینیو هێناوە
رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی جارێكی تر هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی فیلیپ كۆتینیو لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی ناداتەوە.
رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە جارێكی تر نەگەڕێتەوە سەر هەوڵەكانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو دوای ئەو هەڵسوكەوتە ناشیرینەی یانەی لێڤەرپوول لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا پێشكەشیان كرد.
یانە كەتەلۆنییەكە بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا لە شوێنی كۆتینیو، دووبارە هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ میشێل سێری ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی كۆتدیڤواری و یانەی نیسی فڕەنسی بدات كە بە چاڤی ئەفریقیا ناسراوە.
یانەی بەرشەلۆنە لە هاوینی رابردوودا بەفەرمی سێ دەستەوارەی پێشكەش بە یانەی لێڤەرپوول كردبوو بەمەبەستی گرێبەستكردن لەگەڵ كۆتینیو، دەگوترێ دوایین دەستەوارە بەهاكەی 150 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام بەرپرسانی یانەی لێڤەرپوول داواكەیان رەت كردبووەوە و پێداگیرییان لە وەرگرتنی 200 ملیۆن پاوەن كردبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانیش یانەی بەرشەلۆنە لەگەڵ یانەی نیس رێككەوتووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بەبەهای 40 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ سێری بكات، دوای ئەوەی ئەو یاریزانە پێداگیری لە بەدیهێنانی خەونەكەی كردبووەوە كە ئەویش یاریكردنە لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەدا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم