سبەی سەعات 7 پەرلەمان كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:53:14/09/2017 ‌


بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی هەینی پەرلەمانی كوردستان دوای دوو ساڵ لە وەستانی كارەكانی، جارێكی تر دانیشتنەكانی دەست پێ‌ بكاتەوە و یەكەمین دانیشتنیشی تایبەت دەبێ بە پرسی ڕیفراندۆم.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ "وشە" هاتووە و تیادا هاتووە، بەپێی بڕگەی یەك لە مادەی 20 لەپێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر داوای ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانی كوردستانبەپێی بڕگەی یەك لە مادەی شەش، بڕیارماندا بە گرێدانی دانیشتنی نائاسایی.

لەبەشێكی نووسراوەكە هاتووە، دانیشتنەكە تایبەتە بە پرسی ڕیفراندۆم و مافی چارەی خۆنووسین، بۆیە بانگێشتتان دەكەین بۆ كۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی سەعات حەوتی ئێوارە لە هۆڵی پەرلەمان.

ئاواز حەمید ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پێمان ڕاگەیەنراوە كە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دوا خراوە، كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی هەینی سەعات حەوتی ئێوارە دواخراوە و ئەمەش بۆ تەواوبوونی كاتی یاسایی كە پێویستە پەرلەمانتاران 48 سەعات پێشتر ئاگەدار بكرێنەوە

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی كوردستان لەسەر بڕیاری فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو دوا خراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ ئەو دانیشتنە بكرێ.

ڕۆژی 10ی ئەیلوول، پارتی و یەكێتی ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی ڕۆژی 14ی ئەیلوول پەرلەمانی كوردستان دانیشتن ئەنجام بدات و كارابكرێتەوە، لەو ڕۆژەشەوە تا ئێستە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی تەواوی حزبەكان ڕازی بكەن بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا بكەن، بەڵام تا ئێستە گۆڕان و كۆمەڵ هەڵوێستی ڕوونیان نییە و چاوەڕوان دەكرێ‌ ئەمشەو بڕیار بدەن.


 





وشە - رامیار جەواد