گوتەبێژی گۆڕان: ئەمڕۆ بزووتنەوەی گۆڕان دوا بڕیاری خۆی دەدات

:: AM:10:16:14/09/2017 ‌

ئەندامێكی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان كە گوتەبێژی حزبەكەیە ڕای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ حزبەكەی دوا بڕیاری خۆی لەسەر ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیای حزبەكەی ڕاگەیاندووە، جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان درێژە بە كۆبوونەوەكانی شەوی رابردووی دەدات و دوا بڕیار لەسەر پرسی ئاساییكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان دەدات.

شۆڕش حاجی كە سكرتێری كاروباری خەڵك لە‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕانە دەڵێت، لە كۆبوونەوەی‌ تەواوكاری‌ ئەمڕۆ‌ پێنجشەم، بزووتنەوەی‌ گۆڕان دوا بڕیاری‌ خۆی‌ لەسەر پرسی‌ ئاساییكردنەوەی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان دەدات.

ئەوە لەكاتێكدایە كە پێشتر بزووتنەوەی گۆڕان چەند مەرجێكی هەبوو بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان كە بەشێكی زۆری تایبەت بوو بە هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 12ـی ئەیلوول سێ‌ حزبەكە كە پێك هاتبوو لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان بڕیار درا كۆبوونەوەی داهاتوو لە مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوە بچێت.

كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هات بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانن كە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەم 14ی ئەیلوول یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، دوا خرا بۆ ڕۆژی هەینی سەعات حەوتی ئێوارە.

پارتی و یەكێتی 10ی ئەیلوول لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی حەوت خاڵی بڕیاریان دا پەرلەمانی كوردستان كارا بكەنەوە و هەوڵیش دەدەن هەموو حزبەكان بەشداری لەو ڕێككەوتنەدا بكەن.



وشە - رامیار جەواد