نوێترین لێدوانی سەرۆكی بەرشەلۆنە لەسەر میسی و ئینێستا
جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هەوادارانی یانەكەی دڵنیا كردەوە لە نوێكردنەوەی گرێبەستی هەردوو ئەستێرە لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی و ئەندرێس ئینێستای ئیسپانی.
بارتومیۆ بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: سەرجەم هەوادارانی یانەی بەرشەلۆنە دڵنیا دەكەمەوە لە ماوەیەكی كورتی داهاتوودا نوێكردنەوەی گرێبەستی میسی و ئینێستا رادەگەیەنین.
زیاتر گوتی: میسی هەر لە منداڵییەوە یاریی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەكات و هەوادارانی تۆپی پێی لەسەرتاسەری جیهانیش سەرسام كردووە، گرێبەستە نوێیەكەشی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 4 ساڵی تر دەبێت.
سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەروەها گوتی: تواناكانی ئینێستا لە یاریی تۆپی پێدا تایبەتن و پێشتر لەتەك رۆنالدینیۆ باشترین ئاستی پێشكەش كردووە و ئێستاش لەتەك میسی هەمان كار ئەنجام دەدات.
بارتومیۆ لەبارەی ئەنجامی باشەكانی بەرشەلۆنە لە سەرەتای خولی ئیسپانیا گوتی: لەسەرەتای ئەم وەرزەدا بە جۆش و خرۆشەوە دەستمان پێ كرد و هەموو ئەمانەش بۆ ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەر دەگەڕێتەوە، سەركەوتن لە سێ یاریی یەكەمی خولی ئیسپانیا و خاوێن راگرتنی گۆڵیش ماوەی چەندان ساڵە ئەنجامی ئاوا باشمان لە یانەی بەرشەلۆنە نەبینیوە.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 9 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و پێرێ سێشەمیش لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بردەوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم