كۆبوونه‌وه‌كه‌ى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ران و پێكهاته‌كانى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى له پارێزگاى كه‌ركووك، وه‌ك هه‌نگاوێكى گرنگ خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت، به‌شێك له نوێنه‌رانى پێكهاته‌كانى توركمان و عه‌ره‌ب، له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پشتیوانى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له كه‌ركووك ده‌ربڕى و نوێنه‌رێكى توركمان دووپات له بایه‌خى ریفراندۆم بۆ پێكهاته‌كانى شاره‌كه ده‌كاته‌وه.
رۆژی سێشه‌م 12ى ئه‌یلوولى 2017، مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى به‌رفره‌وان له كه‌سایه‌تى و نوێنه‌رانى پێكهاته‌كانى نه‌ته‌وه‌یى و ئاینى له پارێزگاى كه‌ركووك كۆبووه‌وه. له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاماده بوو.
بارزانى گوتارێكى له‌باره‌ى گرنگى و هۆكاره‌كانى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم پێشكه‌ش كرد و راى گه‌یاند، "هیچ حیكمه‌تێك له دواخستنى ریفراندۆمدا نییه و ریفراندۆم له‌كاتى خۆیدا ده‌كرێت و ئه‌و كاته‌ى له ساڵى 2008 ده‌بابه‌یان هێنایه سه‌ر قه‌ره‌ته‌په ده‌بووایه ریفراندۆم بكه‌ین".
سه‌رۆكى هه‌رێم زیاتر دووپاتى له‌سه‌ر پاراستنى مافى پێكهاته‌كانى كه‌ركووك كرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه كرد كه هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت ناسنامه‌ى خۆى به‌سه‌ر ئه‌و شاره‌دا بسه‌پێنێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پاراستنى ناسنامه‌ى فره ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى كه‌ركووك.
بارزانى گوتی، "جگه له خه‌ڵكى كه‌ركووك كه‌سی تر بڕیار له چاره‌نووسى خه‌ڵكه‌كه‌ى نادات و عه‌ره‌ب و توركمانیش ده‌بێت وه‌ك كورد هه‌موو ئیمتیازاتێكیان هه‌بێت و بۆ پێكهاته‌كان له مافی خۆمان خۆش ده‌بین".
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌باره‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى ده‌كرێت، دووپاتى كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیر له هه‌ڕه‌شه و جێبه‌جێكردنى هه‌ڕه‌شه بكاته‌وه، ده‌بێت پێشبینى ئه‌وه نه‌كات ئێمه ده‌وه‌ستین و سه‌یریان ده‌كه‌ین. هه‌رگیز جه‌نگ بژارده‌ى گه‌لى كوردستان نه‌بووه، به‌ڵام به‌سه‌رماندا سه‌پێنراوه. ئێمه نیه‌تى شه‌ڕمان نییه، به‌ڵام مافى به‌رگریكردنمان هه‌یه".
له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى بارزانى دا، ژماره‌یه‌كى زۆر له نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان پاڵپشتى خۆیان بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم راگه‌یاند و دووپاتیان له‌وه كرده‌وه، ئه‌وان ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له به‌رژه‌وه‌ندى پێكهاته‌كان ده‌زانن.
ساهیره سه‌یفه‌دین نوێنه‌رى توركمان له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك و یه‌كێك له به‌شدارانى كۆبوونه‌وه‌كه، به"وشه"ى راگه‌یاند، "ئێمه وه‌ك نوێنه‌رانى توركمان له شاره‌كه، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتی ریفراندۆم و سه‌ركه‌وتنی ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌مه‌یش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی توركمان پێویستمان به گه‌ره‌نتی و پاراستنی سه‌ر و ماڵی توركمانه‌كان هه‌یه".
دووپاتى كرده‌وه، "له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و پێشتریش نووسراوێكمان ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه و پێداگیریمان له‌سه‌ر گه‌ره‌نتییه‌ك كردووه بۆ پاراستنى مافى توركمان له داهاتوودا، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێین به‌شێكى زۆری توركمانى كه‌ركووك به‌شدارى ریفراندۆم ده‌كه‌ن و به به‌ڵێ ده‌نگ ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ى زۆر مه‌به‌ستى توركمان بێت، ته‌نیا هه‌بوونى گه‌ره‌نتییه بۆ پاراستنى مافه‌كانمان له ده‌وڵه‌تى كوردستاندا".
"هاتنى بارزانى بۆ كه‌ركووك و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان، هه‌نگاوێكى مه‌زن و پڕ بایه‌خ بوو، ئه‌وه‌ش به ئاراسته‌ى دروستكردنى متمانه و پێدانى گه‌ره‌نتى به پێكهاته‌كان كه له داهاتوودا مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بێت" ساهیره وای گوت.
ژماره‌یه‌ك له سه‌رۆك هۆزه‌كانى عه‌ره‌بى كه‌ركووك له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌هه‌مانشێوه پشتیوانیان بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى كوردستان دووپات كرده‌وه.
ئیسماعیل حه‌دیدی سه‌رۆك هۆزی حه‌دیدی راى گه‌یاند، "ده‌مانه‌وێت ئه‌و پێوه‌ندییه‌ى له نێوان ئێمه و كورددا هه‌یه، وه‌ك خۆى به‌رده‌وام بێت، ئێمه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پاڵپشتى ریفراندۆم ده‌كه‌ین و ده‌خوازین هاوشێوه‌ى كورد بایه‌خ به عه‌ره‌ب و توركمان بدرێت و ته‌ناهى شاره‌كه‌مان پارێزراو بێت، چونكه متمانه‌مان به به‌غدا نه‌ماوه".
وشه/رێبین و ئارام شێركۆ