سەرۆكی عەشیرەتی زێباری لە هەرێمی كوردستان داوا لە تەواوی ئەندامانی هۆزەكەی و خەڵكی كوردستان دەكات، كە بەیەكەوە و بە یەك دەنگ بچنە سەر سندووقی دەنگدان و بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم دووپات بكەنەوە و ئاماژە بەوەیش دەكات، كوردستان چۆن تێكشكاندنی داعش سەركەوت، بەهەمان شێوە لە ڕیفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش سەردەكەوێ.
ڕەزا زوبێر ئاغای زێبارییەكان و سەرۆكی ئەو عەشیرەتە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پرۆسەی ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە و هی هیچ كەس و لایەنێك نییە، هەمووان هەرچی پێویستە دەبێ بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم ئەنجامی بدەین، تا سەركردایەتیی سیاسیی گەلی كوردستان بتوانێ لە ڕێی دەنگی گەلەوە سەربەخۆی ڕابگەیەنێ و دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێنرێت.
هەروەها گوتی، خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان بە درێژایی مێژوو قوربانیمان بۆ ئەوە داوە تا بە سەربەخۆیی و ئازادی یەكجارەكی بگەین، دواجاریش قارەمانیەتییەكانی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان پێگەی كوردستانی لە دنیا تەواو بەرز كردووەتەوە، بۆیە ئێستە كاتی سەربەخۆیی كوردستانە و دەبێ هەمووان پشتیوانی پرۆسەكە بكەین.
سەرۆكی عەشیرەتی زێباری زیاتر دواو گوتی، داوا لە هەموو ئەندامانی عەشیرەتی زێباری و عەشیرەتەكانی تری ناوچەكە بە گۆران و سوورچی و هەركییەوە دەكەم، بە تەواوی ئەندامانیانەوە پشتیوانی سەرسەختی پرۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی كوردستان بن، تەواوی هەوڵ و تواناكانیان بخەنە خزمەت پرۆسەكە، چونكە ڕیفراندۆم دەروازەی یەكەمی گەیشتنە بە سەربەخۆیی كوردستان و پرۆسەی بە دەوڵەتبوون.
عەشیرەتی زێباری و عەشیرەتەكانی تری سوورچی و گۆران و هەركی پێكهێنەری سەرەكی دانیشتووانی ئاكرێ و بەردەڕەشن و زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو ناوچانە نیشتەجێیه، هەمووان دووپات لە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەنەوە.
ئاكرێ/نەوزاد هلوری.