كسینیا سڤێتلۆڤا:نوێژ دەكەین بۆ كردنەوەی باڵوێزخانەی كوردستان لە ئیسرائیل

بەرپرس و میدیاكانی ئیسرائیل بەردەوام باس لە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بەڵام بۆ خەڵكی كوردستان ڕوون نییە هەنگاوە كردەنییەكانی تەلئەبیب بۆ هاوكاری سەربەخۆیی كوردستان چین و چۆنن. بۆ روونكردنەوەی ئەو لێڵییانە، "وشە" دیدارێكی لەگەڵ خاتوو كسینیا سڤێتلۆڤا ئەندامی كنێستی ئیسرائیل و سەرۆكی گرووپی لۆبیكردنی ئیسرائیل بۆ پشتیوانكردنی كوردستان ساز كرد. 
سڤێتلۆڤا كاتی ڕیفراندۆمی كوردستان بە "زۆر گونجاو" دەزانێ و ئاماژە بەوە دەكات كە لەگەڵ لۆبی كوردی لە كۆنگرێسی ئیسرائیل دەستیان بە جموجۆڵ كردووە، بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە واشنتن. دووپاتی كردەوە "ئێمە نوێژ دەكەین بۆ ئەو ڕۆژەی كوردستان سەربەخۆ بێت و باڵوێزخانە لە ئیسرائیل بكاتەوە و ئێمەش لە هەولێر باڵوێزخانەمان هەبێ".

* لە میدیاكان پشتیوانی و هاوسۆزی ئیسرائیلییەكان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەبینین، بەڵام بە كردەیی دیار نییە پشتیوانی ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی كوردستان چۆن دەبێ؟
-  تەواوی ئیسرائیلییە بە ڕەگەز كوردەكان و گەلی ئیسرائیل و تەنانەت سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ 30 كۆنگرێسمانی ئەمەریكا كۆ بووەوە و هانی دان پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، منیش وەك ئەندامێكی كنێست و سەرۆكی لۆبیكردن بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان لە دەرەوە، كار دەكەین بۆ پاڵپشتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لەو چركەساتە هەر ئەو هەڵوێستانە هەن.

* بەردەوام پڕوپاگەندەی داخستنی سنوور و جۆرێك لە هەڕەشەكردن لە كوردستان بڵاو دەكرێتەوە، حاڵەتێكی وا ئەگەر ڕوو بدا، ئیسرائیل دێتە سەر خەت بۆ پشتیوانی كوردستان؟
- بەڵێ، ئیسرائیل سیاسەتی دەرەوەی خۆی و هاوكاری مرۆیی لە هەر حاڵەتێك دەنێرێ، ئەگەر حكوومەتی كوردستان لە دۆخێكی خراپدا بێت و داوا بكات، من دڵنیام حكوومەتی وڵاتەكەمان زۆر بە ڕژدی كاری لەسەر دەكات و هاوكار دەبێ.



* تۆ سەرۆكی لۆبیكردنی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی بۆ كوردستان، ئیسرائیل لۆبییەكی زۆر بەهێزی هەیە بە تایبەت لە ئەمەریكا، ئێستە و داهاتوو چ كارێك دەكەن بۆ بڕواهێنانی وڵاتان بە ئەنجامی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان؟
- ئێمە لەم ڕۆژانە دەستمان بە پێوەندی بەستن كردووە لەگەڵ لۆبیی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەین و پشتیوانی زیاتر كۆ بكەینەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆك وەزیران بنیامین نەتانیاهۆ لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ 30 كۆنگرێسمانی ئەمەریكا كۆ بووەوە و گفتوگۆی لەسەر پشتیوانی ڕیفراندۆمی كوردستان لەگەڵ كردن، ئێمە كاری زۆر زیاتر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەكەین.

* بەڵام لۆبی ئیسرائیل لە ئەمەریكا زۆر بەهێزە، دەتوانن بڕوا بە تەواوی ئەمەریكا بێنن بەشێوەیەكی ئەرێنی لەسەر سەربەخۆیی كوردستان؟
- هیوادارین بتوانین، بەردەوامین و كاری زۆرتر و چڕتر دەكەین لە ماوەی داهاتوودا.

* كوردستان نزیك دەبێتەوە لە وادەی ڕیفراندۆم و گەیشتن بە ئامانج، ئێوە ئەزموونتان هەیە، چی بە خەڵكی كوردستان دەڵێن لە دۆخی ئێستەدا؟
- ئێمەیش لە ئیسرائیل دەیانگوت ئێستە كاتی گونجاو نییە بۆ سەربەخۆیی، بەڵام ئیرادەی گەلەكەمان بڕیاری سەربەخۆیی دا و سەركەوت لە ساڵی 1948، بەهەمانشێوە ئەوكات ئەمەریكا دژی سەربەخۆیی ئیسرائیل بوو، بەڵام دواتر بەشێوەیەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ واقیعەكە كرد، بۆیە پێویستە هەر نەتەوەیەك پشتیوانی بڕیاری لەو شێوەیە بكات، ئەوكاتیش خەڵكێك لە ئیسرائیل گومانیان هەبوو و دوودڵ بوون، بەڵام ئەوانەی باوەڕیان هەبوو زۆرینە بوون و سەرەنجام گەیشتین بە سەربەخۆیی، ئێوەش پێویستە ئیرادەی خۆتان هەبێت و ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن و كاری بۆ بكەن.



* ئایا كوردستان و ئیسرائیل پێوەندییان هەیە؟ لە میدیاكانی دنیا زۆر قسەی لەسەر دەكرێ، بەڵام هیچی فەرمی نییە، ئایا بە كردەیی پێوەندیی ئیسرائیل و كوردستان چۆنە؟
- هەندێ پێوەندی لە نێوان كوردستان و ئیسرائیل بوونیان هەیە، زۆر لە ئیسرائیلییەكان بە تایبەت ئەوانەی بە بنەچە كوردن، سەردان و هاتوچۆ دەكەن، جگەلەوەش زۆر قوتابیی كوردستان لە زانكۆكانی ئیسرائیل دەخوێنن، بەڵام ئێمە هیوادارین لە داهاتوو پێوەندییەكانمان زۆر باشتر بێت و پێوەندی دیپلۆماسی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و كوردستان هەبێ.

* بۆچوونت لەسەر عێراق چییە، دوای ئەوەی میلیشیاكانی سەربە ئێران باڵادەست بوونە تیایدا؟
- هیوادارین حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وڵاتەكەی سەربەخۆ بهێڵێتەوە، گەلی عێراق شایستەی ژیانێكن لە دەوڵەتی خۆیاندا لەژێر سیستەمێكی دیموكراتی، بۆیە پێویستە سوننە و شیعەكانی عێراق لەسەر ئەوە ڕێك بكەون و مافەكانی خۆیان بە دانوستاندن جێگیر بكەن.

* ئەگەر جەنگ لە نێوان كوردستان و میلیشیاكان ڕووی دا، هەڵوێستی ئیسرائیل چۆن دەبێ؟
-  ئەمە پرسیارێكی گریمانەیییە، بەڵام ئەگەر حاڵەتێكی وا ڕوو بدا و هێرش بكرێتە سەر كوردستان، حكوومەتی كوردستان داوای هاوكاری لە ئیسرائیل بكات، بێگومان داواكە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتە ڕوو و لەبەرچاو دەگیرێ.

* دبلۆماتكاران سەردانی هەولێر دەكەن و باس لە نەگونجاوی كاتی ڕیفراندۆم دەكەن، بە بڕوای تۆ دوای جینۆساید و كیمیاباران و وێرانكاری و پێكەوەژیانی زۆرەملێی 100 ساڵی كوردستان بە عێراقەوە، هێشتا كات گونجاو نییە؟
- بە پێچەوانەوە بڕوایەكی تەواومان هەیە ئێستە كاتێكی زۆر گونجاوە، بۆ ئەوەی كۆتا بەو هەموو مەینەتییە بێ و پێویستە ددانیان پێدا بنرێ بەو كارەساتانەی دژ بە كوردستان و خەڵكەكەی كراون، تەنانەت دوا كۆمەڵكوژیش كە لە 2014 دژ بە كوردانی ئێزیدی كرا.



* دوای ڕیفراندۆم و سەربەخۆبوونی، ئیسرائیل چۆن پێوەندی لەگەڵ كوردستان بنیات دەنێ، لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابووری و بوارەكانی ترەوە؟
-  ئەوەندەی من ئاگەدار بم، دوای ڕیفراندۆم لەسەر حكوومەتی كوردستان پێویستە هەنگاو بنێ، ئیسرائیل بەڕووی وڵاتاندا كراوەیە، كوردستان هەنگاوێك بێتە پێش بۆ بنیاتنانی پێوەندی، ئێمەیش بە خۆشحاڵییەوە دێینە پێش، لە ساڵانی شەستەكان پێوەندی بەهێزمان هەبوو، لە داهاتوویش سەرەڕای بەهێزبوونی پێوەندییە دیپلۆماسییەكان، ئیسرائیل دەتوانێ لە ڕووی تەكنەلۆجیا و كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی وزەوە هاوكاری كوردستان بكات، لە ڕووی كولتووری و ڕۆشنبیریشەوە دەرگەكان واڵا دەبن، ئێمە نوێژ دەكەین لەپێناو ئەو ڕۆژەی كوردستان باڵوێزخانەی خۆی لە ئیسرائیل بكاتەوە و ئیسرائیلیش باڵوێزخانەی خۆی لە هەولێر هەبێ.

كسینیا سڤێتلۆڤا ئەندامی كنێست (پەرلەمان)ی ئیسرائیل لە فراكسیۆنی كەمپی زایۆنیست، لە 20ی تەمووز/یۆلیۆ 1977 لە ڕووسیا لە دایك بووە، ساڵی 2000 بكالۆریۆسی لە خوێندنی زمانی عەرەبی و پێوەندییەكان لە زانكۆی عیبری لە ئۆرشەلیم وەرگرتووە، لە 2006 ماستەری لە خوێندنی باڵا لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لەسەر ئیسلام لە هەمان زانكۆ بەدەست هێناوە، ئێستە قوتابیی دكتۆرایە و تێزی دكتۆراكەی لەسەر سیاسەت و پێوەندییەكانی دەرەوە و میدیای عەرەبییە، لە زانكۆی عیبری لە 2011ەوە تا ئێستە بەردەوامە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:41:14/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 36217 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌