ڤالڤێردی بە كەمتر لە مانگێك بەرشەلۆنەی راست كردەوە
رۆژنامەیەكی ئیسپانی هەوڵەكانی ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنەی بەرز نرخاند بەهۆی ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا تیپەكەی رێك خستەوە و سەركەوتن دوای سەركەوتنی پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە كردەوە.
رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید بڵاوی كردەوە: ڤالڤێردی دوای شكستە گەورەكەی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا، بڕیاریدا گۆڕانكاری لە شێوازی یاریكردن و پێكهاتەی تیپەكەیدا بكات و هەروەها بڕوا بۆ یاریزانان بگەڕێنێتەوە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ڤالڤێردی سەلماندی راهێنەرێكی سەركەوتووە و باشترین ئاست لە 4 یاریی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە پێشكەش بكات بەتایبەتیش لە یارییەكەی سێشەمی رابردوو بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.
یانەی بەرشەلۆنە لە 3 یاریی یەكەمی وەرزی نوێی خولی ئیسپانیادا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و 9 گۆڵی تۆمار كردووە و هیچ گۆڵێكیشی لێ تۆمار نەكراوە، هەروەها لە پێرێ سێشەمیش بە 3 گۆڵی بێ وەڵام شكستی بە یانەی یۆڤانتۆس هێنا.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە مانگی رابردوو لە یاریی چوون و هاتنی جامی سوپەری ئیسپانیا بەئەنجامی 1-5 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دۆڕا بوو.
وشە -
ئامانج ئهكرهم