جیاوازی گۆڵەكانی رۆناڵدۆ و میسی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا چەندە؟
شەوی رابردوو كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی 2 گۆڵی لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تۆمار كرد و بەمەش هەر لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی مێژوویی خولەكە مایەوە.
شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی یەكەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەپۆیل نیكۆسیای قوبڕسی بردەوە.
رۆناڵدۆ لەو یارییەدا دوو گۆڵی لە خولەكانی 12 و 51 تۆمار كرد، گۆڵەكەی دوایی بە رێگەی لێدانی سزاوە بووە، بەمەش ژمارەی گۆڵەكانی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كردە 110 گۆڵ و هەر وەك یەكەم یاریزان مایەوە كە زۆرترین گۆڵی لە خولەكەدا تۆمار كردبێت.
نزیكترین ركابەری رۆناڵدۆ، لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە كە ئەویش لە یارییەكەی پێرێ سێشەمدا بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی 2 گۆڵی تۆمار كردبوو و ژمارەی گۆڵەكانی لە خولەكەدا كردبووە 96 گۆڵ.
رۆناڵدۆ هەروەها بووە یەكەم یاریزان لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا زۆرترین یاریی ئەنجامدابێت لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكانیدا كە 136 یاریی بووە لە كۆی 145 یارییدا.
وشە -
ئامانج ئهكرهم