كورد بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق ناكات

:: PM:01:06:14/09/2017 ‌

نوێنەرانی كورد لە عێراق بڕیاریاندا، بەشداری دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نەكەن و بەو هۆیەشەوە تا ئێستە ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران تەواو نەبووە و ئەگەری دواخستنی دانیشتنەكان هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمەبەر، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیاری هەر پێنج فڕاكسیۆنەكانی كوردە، بە 15 خولەك پێش دانیشتنی ئەنجوومەن بەشداری ناكەین لە دانیشتنەكانی ئەمڕۆ و ئەمەش وای كرد ئێمە بیسەلمێنین كە دەبێت بۆ ڕای كورد ئیتر بڕیاری تاكلایەنە نابێت بدرێت. 

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بڕیارەكان دەبێت بڕیاری هاوبەش بێت و سەرۆكایەتی پەرلەمان بزانێت كە دەبێت بە بڕیاری پێشووی بچێت و ئینجا ئێمە بگەڕێینەوە پەرلەمان، بۆ ئەمڕۆش بەهیچ شێوەیەك بەشداری ناكەین.

لەبارەی كۆكردنەوەی واژوو دژی پارێزگاری كەركووك جاف دەڵێت، ئیتر ئەو بڕیارانە بڕیاری تایفین، بۆیە نیسابیان پێ‌ تەواو ناكرێت بەبێ‌ كورد، بۆیە چەندان جارە ئاگەداری دەدرێت بۆ دانیشتن، بەڵام كۆبوونەوە نیسابی یاسایی تەواو نابێت و دانیشتن ناكرێت.

ڕۆژی 12ـی ئەیلوول ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بڕیارێكی ناڕوون بەبێ‌ بوونی ڕێژەی یاسایی، ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە و سەرۆك وەزیرانی عێراقی ڕاسپارد بۆ هەموو ئەگەرێگ بۆ ڕاگرتنی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد