نێچیرڤان بارزانی و بریت مەكگۆرك لەسەر ڕیفراندۆم گفتوگۆ دەكەن

:: PM:01:08:14/09/2017 ‌

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانیان تاوتوێكرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئەمڕۆ لە ‌هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و شاندێكی باڵای ئەمەریكا، كۆبووەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەش تاوتوێكردنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بوو.

فەلاح مستەفا دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەشدا دۆگلاس سلێمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئامادە بوو.

نوێنەری ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانی دژی داعش ماوەی چەند ڕۆژێكە لە هەرێمی كوردستانە بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی كورد لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوە.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد