كه‌سایه‌تى و نوێنه‌رانى گه‌لى كلدانى سریانى ئاشوورى به ئاین مه‌سیحى له هه‌رێمى كوردستاندا، دووپات له گرنگى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ده‌كه‌ن و رای ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌ناوى مه‌سیحییه‌كانه‌وه له وڵاتانى ده‌ره‌وه دژایه‌تى ریفراندۆم ده‌كه‌ن، ده‌ستى ده‌ره‌كییان له پشته و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تدا هه‌وڵ ده‌ده‌ن و دژى به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى مه‌سیحییه‌كان و گه‌لى كوردستان ده‌وه‌ستنه‌وه.
ستیڤان شانى سلێوا میدیاكارێكى مه‌سیحى و دانیشتووى عه‌نكاوه‌یه، به"وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له باشوورى كوردستاندا به‌ته‌واوه‌تى له به‌رژه‌وه‌ندیى مه‌سیحییه‌كانه، به ئێسته‌شه‌وه جگه له كوردستان هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك بۆ ژیان و مانه‌وه‌ى مه‌سیحییه‌كان له ده‌وڵه‌تى عێراقدا نییه".
ئه‌و روونى ده‌كاته‌وه، "مه‌سیحییه‌كان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى كوردستاندا ده‌توانن به مافه‌كانیان بگه‌ن و پارێزراو بن، ئه‌وه له‌كاتێكدا به‌درێژایى مێژووى ده‌وڵه‌تى عێراق و له پاش 2003یشه‌وه به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچووندا بوون و زۆرینه‌ى هه‌ره زۆرى مه‌سیحییه‌كانیش عێراقیان جێهێشتووه، یان ئه‌وه‌ى له كوردستان په‌نا دراون یان بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كۆچیان كردووه".
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له واده‌ى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له هه‌رێمو ناوچه كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ماوه ماوه ژماره‌یه‌كى سنووردار له كه‌سایه‌تى مه‌سیحى له وڵاتانى ده‌ره‌وه، دژایه‌تى بۆ ریفراندۆم ده‌رده‌بڕن، ئه‌وان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ریفراندۆم له به‌رژه‌وه‌ندى مه‌سیحییه‌كاندا نییه و مه‌ترسى بۆ مه‌سیحییه‌كان دروست ده‌كات، به‌ڵام نوێنه‌رانى مه‌سیحییه‌كان له‌ناو كوردستان، پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه ده‌ڵێن.
وه‌حیده یاقۆ هورمز په‌رله‌مانتارى مه‌سیحى له په‌رله‌مانى كوردستان و یه‌كێك له ئه‌ندامانى لیژنه‌ى ریفراندۆم، به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئه‌وانه‌ى له ده‌ره‌وه به‌ناوى مه‌سیحییه‌وه دژایه‌تى ریفراندۆم ده‌كه‌ن، ئاگایان له كوردستان نییه، به‌شێكیان ده‌ستى ده‌ره‌كییان له پشته و هانده‌درێن، به‌شێكیش به زانیارى هه‌ڵه چه‌واشه كراون، خه‌ڵك هه‌یه له عێراق هه‌ڵاتووه و به خراپ له‌سه‌ر كوردستان قسه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وان له بنه‌ڕه‌تدا مافى ئه‌وه‌یان نییه قسه له‌سه‌ر كوردستان بكه‌ن".
روونى كرده‌وه، "هه‌ندێك كه‌س و لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تى خۆیان پێش به‌رژه‌وه‌ندیى گشتى مه‌سیحییه‌كان و گه‌لى كوردستان خستووه، ئێمه له كوردستاندا گه‌ره‌نتى مافه‌كانمان كراوه و ده‌كرێت، هیچ پاساوێك نه‌ماوه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه مه‌سیحییه‌كان له عێراق داهاتوویه‌كى روونیان نییه، ئاشكرایه له پاش 2003ه‌وه هه‌زاران مه‌سیحى له عێراق هه‌ڵاتن و كوردستان باوه‌شى بۆ گرتنه‌وه".
هورمز زیاتر ده‌ڵێ، "له عێراق هیچ مافێك به مه‌سیحیی ره‌وا نابینرێت، له‌و رووه‌وه ناتوانرێت هیچ به‌راوردێك له نێوان عێراق و كوردستاندا بكرێت، ئێسته كه بڕیارى ریفراندۆم دراوه، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خۆی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان كۆبووه‌ته‌وه و راى گه‌یاندووه هه‌ر داواكارییه‌كیان هه‌یه پێشكه‌شى بكه‌ن و هاوكار ده‌بێت له جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنیان".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره مه‌سیحییه دووپاتی ده‌كاته‌وه، "سه‌ربه‌خۆیى كوردستان به‌ته‌واوه‌تى له به‌رژه‌وه‌ندیى مه‌سیحییه‌كان و كۆى پێكهاته‌كانى تره، ئه‌وه روونه هیچ پێكهاته‌یه‌ك له عێراق مافى نییه و پێكه‌وه‌ژیان له‌و ده‌وڵه‌ته‌دا نییه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ى بانگه‌شه‌ى نه‌خێر بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى پێكهاته‌كان و پێكه‌وه‌ژیان ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌ڵكو مێژوویه‌كى ره‌ش بۆ خۆیان تۆمار ده‌كه‌ن".
ئه‌بو خه‌لیل یوسف مه‌سیحییه‌كى خه‌ڵكى به‌غدایه و له 2005ه‌وه له هه‌رێمى كوردستان ده‌ژى، ئه‌و به "وشه" ده‌ڵێ، "ئێمه له عێراق هه‌ڵاتین، چونكه حكوومه‌تى عێراق نه‌یتوانى له هه‌ڕه‌شه‌ى گرووپه تیرۆریستییه‌كان بمانپارێزێت، عێراق ناتوانێت و نایه‌وێت ژیانى مه‌سیحییه‌كان پارێزراو نه‌بێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ى مافه‌كانمان مسۆگه‌ر ناكات، من وه‌ك خۆم هیچ كات ئاماده‌نیم بۆ به‌غدا بگه‌ڕێمه‌وه، تا ئه‌وكاته‌ى ده‌رفه‌تى ژیان له كوردستان هه‌یه، لێره‌ین و ده‌نا ناچارین بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كۆچ بكه‌ین".
ئه‌بو خه‌لیل باس له‌وه ده‌كات كه خانوویه‌كى له به‌غدا هه‌بووه و له‌لایه‌ن گرووپه چه‌كداره‌كانه‌وه به‌زۆر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه، "هه‌ڵاتین و خانووه‌كه‌مان جێهێشت، پاش چه‌ند مانگێك زانیمان خانووه‌كه‌مان به‌ناوى خه‌ڵكى تر له گرووپه چه‌كداره‌كان كراوه، حكوومه‌تى عێراق ئاگه‌دارى داگیركردنى موڵك و ماڵى مه‌سیحییه‌كانه، به‌ڵام هیچ هه‌ڵوێستێكى نییه".
ئه‌و له‌باره‌ى سه‌ربه‌خۆیى كوردستانیشه‌وه ده‌ڵێ، "مه‌سیحییه‌كان له عێراق كۆتایان هاتووه، جارێكى تر تواناى بنیاتنانه‌وه‌ى ژیان له عێراق بۆ مه‌سیحییه‌كان نییه، ئێمه دوو رێمان له به‌رده‌مدا هه‌یه، یان له كوردستان بمێنینه‌وه یان ده‌بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كۆچ بكه‌ین".