چۆن منداڵی ناو فیلمه‌كان ده‌خرێنه‌ گریان؟


كاتێ له‌ فیلمێكدا منداڵێك ده‌بینین ده‌گری، هه‌میشه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ له‌ خۆمان ده‌كه‌ین، ئایا ماوه‌یه‌كی درێژ ستافی فیلمه‌كه‌ چاوه‌ڕێی گریانی منداڵه‌كه‌یان كردووه‌؟ كه‌سێك هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌ گریاندنی منداڵ؟ یان لێیان ده‌ده‌ن؟!.

ئه‌مانه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ بوون كه‌ ماڵپه‌ڕی "the guardian" له‌ خوێنه‌رانی خۆی كرد، هه‌ر كه‌سێك به‌ پێی شاره‌زایی و تاقیكردنه‌وه‌ی خۆیان بۆ فیلمه‌كان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كورته‌ی هه‌ندێك له‌ وه‌ڵامه‌كانه‌:

"باوكم وێنه‌گری فیلمه‌، كاتێك منداڵ بووم جارێك بۆ تۆماركردنی ڤیدیۆی منداڵێك له‌ كاتی گریان پێویستی به‌ من بوو، ئه‌و كاره‌شی به‌ دایكم سپارد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دایكم پاڵی پێوه‌ نام بۆ سه‌ر زه‌وی و گریام، ئه‌مه‌ش كاره‌كه‌ی باوكمی زۆر سه‌رنجڕاكێش كرد".

"به‌ بڕوای من شتی ترسناك و نامۆیان پیشان ده‌ده‌ن بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ ئاسانی ده‌گرین". 

"دایكیان لێ دوور ده‌خه‌نه‌وه‌".

له‌ ڕاستیشدا هه‌ر ئه‌م ڕێیانه‌ به‌كار ده‌هێنن تا منداڵه‌كانی پێ بخه‌نه‌ گریان، چونكه‌ گریانی منداڵ ده‌بێت سروشتی بێت و دوور بێت له‌ فرمێسكی ده‌ستكرد له‌به‌ر پاراستنی چاویان، له‌به‌ر ئه‌مه‌ له‌ زۆرترین فیلمه‌كاندا منداڵ به‌ ده‌نگی به‌رز، دوورخستنه‌وه‌ له‌ دایكیان، وێنه‌ی تۆقێنه‌ر و تاریكی ده‌خه‌نه‌ گریان، پاشان كاری تۆماركردنی فیلم و ڤیدیۆكان ده‌كه‌ن.


وشە - ڕێناس شابان


PM:01:37:14/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌