كێ سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان دەكات؟

بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، سبەی هەینی لە كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان، ئەو سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی پەرلەمان ناكات، بەڵكو ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ نەیەنەوە پەرلەمان، ئەوا جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەكات.

محەمەد سادق سوورچی بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، واژووی 58 پەرلەمانتار بۆ كۆبوونەوەی سبەی هەینی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كراوە و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی بۆ ئەوەی لەو دانیشتنە پشتیوانی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم بە فەرمی ڕابگەیەنرێت.

لەبارەی ئەوەی كێ سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان دەكات؟ ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا، من وەك بەتەمەنترین پەرلەمان سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە ناكەم، بەڵكو جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە دەكات، لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی كوردستانیش پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ پۆستی سكرتێری پەرلەمان دێتە هەڵبژاردن و دەستبەكار دەبێ.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، تەواوی ڕێكارەكانی دانیشتنی نائاسایی سبەی پەرلەمانی كوردستان تەواو بوون و تەنیا ماوەتەوە سبەی دەست بە كۆبوونەوەكە بكرێت، ئەگەر گۆڕان و كۆمەڵ نەیەنەوە پەرلەمان، ئەوا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە دەكات و تەواوی بەرنامەی كاری دانیشتنی نائاسایی سبەی پەرلەمانی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.

هەولێر/بڵند ئیبراهیم.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:01:42:14/09/2017




ئه‌م بابه‌ته 450 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌