ناتۆ و ڕووسیا بەریەك دەكەون
نمایشی هێز و خۆدەرخستن بەردەوامە

:: PM:01:56:14/09/2017 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم سوپای رووسیا بە هاوكاری بێلارووسیا نمایشێكی سەربازی لە نزیك یەكێتیی ئەوروپا ئەنجام دەدات. رووسیا دەڵێت ئەو نمایشە تەنیا بۆ مەبەستی بەرگرییە و هیچ پێوەندییەكی بەوە نییە وڵاتانی تر وا بیر بكەنەوە كە رووسیا دەیەوێت توانای خۆیان پێ نیشان بدات.

بەشێك لە ئەندامانی ناتۆ ئەو هەنگاوەی رووسیایان مەحكوم كردووە و دەڵێن رووسیا دەیەوێت توانای سەربازی خۆی پیشان بدات.

نمایشەكە بە زاپاد-2017 ناسراوە و بڕیارە یەك هەفتە بخایەنێت. شوێنی نمایشەكە لە ئاراستەی هەردوو وڵاتی لیتوانیا و پۆڵۆنیا دەكرێت و لەو نمایشەدا ١٢ هەزار و ٧٠٠ سەرباز بەشدارییان كردووە.

سەرەتای ئەم مانگە ڤالری گراسیمۆڤ سەرۆكی ئەركانی سوپای رووسیا لەگەڵ پیتەر پاوڵ سەرۆكی كۆمسیۆنی سەربازیی ناتۆ لە باكۆی ئازەربایجان كۆ بووەوە پێی گوت، ئەم نمایشە سەربازییەی بڕیارە رێكی بخات دەمێكە كاری بۆ كراوە و دژی هیچ وڵاتێكی دنیا نییە.

جێی باسە رووسیا ساڵانە نمایشێكی سەربازیی لە ناوچەیەكی جیاواز بەڕێوە دەبات و ئەمساڵیش لە بێلارووسیا و لە ناوچەی كالینینگراد  و چەند ناوچەیەكی باكوری رۆژئاوای رووسیا بەڕێوەی دەبات، ئەو ناوچەیەی نمایشەكەی تێدا بەڕێوە دەچێت نزیك پۆڵۆنیا و وڵاتانی ناوچەی بەلتیكە.

ساڵی ٢٠١٤ دوورگەی كریمیا لە لایەن رووسیاوە داگیر كرا، ئاڵۆزیی سیاسی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیای گرتەوە و وڵاتانی بەلتیك لەو كاتەوە رووسیا بە هەڕەشەیەك بۆ سەر خۆیان هەژمار دەكەن.

بەگوێرەی –ribnews ژمارەیەك وڵات لە سەرووی هەمووشیان لیتوانیا و ستۆنیا، گومانیان لەو ئامارە هەیە كە رووسیا لەبارەی مەشقە سەربازییەكە رای گەیاندووە و پێیان وایە سەرووی ١٠٠ هەزار سەرباز بەشدارییان تێدا كردووە، كە تا ٢٠ی ئەم مانگە درێژەی دەبێت.

مایكڵ فالون وەزیری بەرگریی بەریتانیا رۆژی یەكشەم باسی لەوە كردبوو كە نمایشی سەربازی "زاپاد-2017"   بۆ ورووژاندنی ئێمە و هەڵسەنگاندنی توانای سەربازی ئێمە دەكرێت، بۆیە پێویست دەكات ئێمەش بەهێز بین. ئەو لەبارەی ئەو هەنگاوەی رووسیا نیگەرانی خۆی نەشاردەوە.

بەڵام یێنس ئەپستولنبێرگ سكرتێری گشتی ناتۆ گوتی، لەو نمایشە سەربازییەی رووسیا بە هاوكاری بێلارووسیا بەڕێوەی دەبات هەست بە هیچ هەڕەشەیەك ناكات، هەرچەندە نمایشەكە ناشەفافە و هێشتا وردەكارییەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەكراوە.

ئەلكساندەر گالتس پسپۆڕی سەربازیی بۆ فرانس پرێس دەڵێت، "رووسیا دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ژمارە و ئامارەكان بگۆڕێت، بۆیە چاودێرانی بیانی قبووڵ ناكات و راگەیاندنی ئاماری ١٢ هەزار و ٧٠٠ سەرباز جگە لە گاڵتەجاڕی شتێكی تر نییە، لە كاتێكدا ژمارەی سەربازانی بەشداربوو دەگاتە سەرووی ١٠٠ هەزار كەس.

 لە لایەكی ترەوە رووسیا بە مافی خۆی دەزانێت لە نێو خاكی خۆیدا هەموو نمایشێكی سەربازی ئەنجام بدات و گەشەی ناتۆ لە سنوورەكانی وڵاتەكەشی مەحكوم دەكات. پێویستە بگوترێت ناتۆ سەرووی چوار هەزار سەربازی لە وڵاتانی ناوچەی بالتیك و پۆڵۆنیا جێگیر كردووە.

ئەو نمایشە سەربازییەی رووسیا لە كاتێكدا دەكرێت كە ئۆكرانیاش بە هاوكاری ئەمەریكا و راهێنانە سەربازییەكان لە سوید نمایش سەربازی بەڕێوە دەبات و تیایدا ١٩ هەزار سەرباز بەشدارن و لە نمایشەكە رووبەڕووی هیزێكی گەورەتر دەبنەوە، بەڵام سیناریۆی نمایشەكەی رووسیا رووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوەكان كە لە سێ وڵاتەوە هاتوونەتە ناو بێلارووسیا و ناوچەی كالینینگراد. ئەگەرچی ئەم سێ وڵاتە وڵاتی راستەقینە نین و گریمانەیان بۆ كراوە، بەڵام دەگوترێت مەبەستی رووسیا هەریەك لە وڵاتانی لیتوانیا، ئستۆنیا و پۆڵۆنیایە.

بەگوتەی ئەو پسپۆڕە سەربازییە، سەرجەم نمایشە سەربازییەكانی رووسیا یەك سناریۆیان هەیە، ئەویش بریتییە لە جێگیركردنی خێرای هێزەكان بە ئامانجی پاشەكشەپێكردنی دوژمن بە بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بكرێت ئایا هیچ هێرشێك لە لایەن رووسیاوە ئەنجام دراوە.

سوپای رووسیا و ناتۆ یەكتر بەوە تۆمەتبار دەكەن كە نمایشی سەربازیی مەترسیدار رێك دەخەن و فڕۆكە و كەشتییەكانیان لە دەریای بەلتیكدا دەسووڕێنەوە.

ڤلادمێر پوتین لە ساڵی ٢٠١٤ هەندێك تیوری سەربازیی پەسند كرد كە بەگوێرەی ئەو تیۆرییانە ناتۆ بە "هەڕەشەیەكی بنەڕەتیی" بۆ سەر وڵاتەكەی دەستنیشان كراوە. 
كێشەی نێوان ناتۆ و رووسیا بۆ سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو و قۆناغی شەڕی سارد دەگەڕێتەوە كە ناتۆ بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا بەرامبەر بە پیشڕەویكردنی سۆڤیەت دامەزرا، تەنانەت ناكۆكییەكانیان گەیشتە ئاستێكی مەترسیدار كە ئەگەر كەوتبانایە جەنگەوە، ئەوا وێرانكارییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا دەهێنا و چەكی ناوكییان دژی یەكتر بەكار دەهێنا.

دوای رووخانی بلۆكی رۆژهەڵات، ناتۆ لە ناوچەكە زیاتر زاڵ بوو و ئێستەش رووسیا هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی ئەو هێز و هەژموونەی لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتدا هەیبوو.







وشە - سلێمان تاشان