پەرلەمانی عێراق متمانه‌ی له‌ پارێزگاری كه‌ركووك وه‌رگرته‌وه‌

:: PM:02:09:14/09/2017 ‌

دوای كۆكردنەوەی واژوو ئەمڕۆ سەرجەم پەرلەمانتارە عەرەبەكان له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریمی پارێزگاری كه‌ركووك له‌ پۆسته‌كه‌ی دەركرد و كوردیش دانیشتنەكەی جێهێشت ئەندامێكی كوردیش دەڵێت، زیاتر بۆنی سیاسییان لێدێت ئەوەندەی بابەتێكی یاسایی بن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەر لە دەستپێكی دانیشتنەكە داوامان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد بڕگەی لابردنی پارێزگاری كەركوك نەخاتە دەنگدانەوە، بەڵام بابه‌ته‌كه‌ بۆنی سیاسی لێ دێ و ئه‌وه‌نده‌ بابه‌تێكی یاسایی نییه‌.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، بە زۆرینەی دەنگ متمانە لە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك وەرگیرایەوە، بۆیە هیوادارم هەموومان دەربكەن و بمان نێرنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

زانا ڕۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی پێشوو بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق واژوویان كۆ كردووەتەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك، به‌ڵام لێسەندنەوەی متمانە لە پارێزگار بە دەنگی پەرلەمانتاران بە تەنیا نابێت، بەڵكوو پێویستە نووسراوێكی فەرمی بێت لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئینجا دەتوانن متمانە لە پارێزگار وەربگیرێتەوە دەنا شێوەی یاسایی نابێت.

لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی سەلیم جبووری هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران داوای كردووە متمانە لە نەجمەدین كەریم وەربگیرێتەوە.

لە دانیشتنی پێشوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ژمارەیەك عەرەب كە ڕێژەی یاسایی دانیشتنەكە تەواو نەبوو، بڕیاری ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان ڕەتكردەوە كە پێچەوانەی یاسای پێكەوەژیان و نەتەوەكان بوو.

ئێستە ژمارەیەك پەرلەمانتاری عەرەب هەڵمەتێكیان دژ بە كورد دەست پێ‌ كردووە بەمەبەستی سەندنەوەی متمانە لە وەزیر و كاربەدەستانی كورد لە بەغدا و شارەكانی تر، ئەمەش بۆ دژایەتی كورد و دەستكەوتێك بۆ خۆیان باسی لێوە دەكەن.




وشە - رامیار جەواد