بڕیاره سبه‌ی دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه بچێ، پارتی و یه‌كێتی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، سبه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دواناخرێ و پێویسته كۆمه‌ڵ و گۆڕان بڕیاری خۆیان بده‌ن، هه‌ریه‌ك له گۆڕان و كۆمه‌ڵیش تا ئێسته خۆیان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه، جڤاتی نیشتمانی له كۆبوونه‌وه‌دایه بۆ بڕیاردان و كۆمه‌ڵیش باسی گره‌نتی ده‌كات، له كاتێكدا ئه‌و گره‌نتییه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بووه‌ته ڕێككه‌وتن له نێوان پارتی و یه‌كێتی و جێبه‌جێ كردنی یه‌كلایی بووه‌ته‌وه.
جه‌عفه‌ر ئیمنیكى جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بانگهێشتى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات بۆ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرسی راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه بڕیاره سبه‌ى هه‌ینى سه‌عات حه‌وتى ئێواره ئه‌نجام بدرێت.
ئیمنیكى له بانگهێشتنامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان سبه‌ى هه‌ینى په‌رله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆده‌بێته‌وه.
ئامینه زكری جێگری سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له لێدوانێكى تایبه‌ت به "وشه" راى گه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى هه‌ینى 15ى ئه‌یلوول به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دوا نا‌خرێت.
روونیكرده‌وه، دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 14ى ئه‌یلوول پێوه‌ندی به پێڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه هه‌بوو كه ده‌بێت 48 سه‌عات زووتر ئه‌ندامان له كارنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان ئاگادار بكرێنه‌وه .
له‌باره‌ى به‌شداری فراكسیۆنى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى كه داوایان كردووه ریفراندۆم دوا بخرێت، ئامینه گوتی، پێمانخۆشه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى بكه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداری ئه‌و كۆبوونه‌وه گرنگه بن كه بڕیار له‌سه‌ر راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆی كوردستان ده‌درێت", زیاتر گوتى "ئه‌وان ده‌ڵێن ریفراندۆم دوابخرێت، ئێمه و یه‌كێتى رازی نین ریفراندۆم دوابخرێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كه ببن یان نه‌بن، ئه‌وا دانیشتنى په‌رله‌مان ئه‌نجام ده‌درێت و دوا نا‌خرێت، بڕیاریش له‌سه‌ر ریفراندۆم ده‌درێت".
ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له لێدوانێكى تایبه‌ت به "وشه" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه چاوه‌ڕوانى بڕیاری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامى ده‌كه‌ن.ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر بزانین تا سێ رۆژى تریش بڕیاری ئه‌رێنى ده‌ده‌ن و به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌وا پاراستنى یه‌كڕیزى نیشتمانى به گرنگتر ده‌زانین له ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان، ئه‌وان له كۆبوونه‌وه‌ن و چاوه‌ڕوانى بڕیاری كۆتایان لێ ده‌كه‌ین. كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى په‌رله‌مان دواناخرێت".
بێگه‌رد تاڵه‌بانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێ، كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرسی راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام ده‌درێت و دوا نا‌خرێت.
بێگه‌ر بۆ "وشه" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد كه تا سبه‌ى هه‌ینى و ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ به‌شداریكردنیان له كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان.
سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى ده‌ڵێ، كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان دوا نه‌خراوه تا جارێكى تر باسی ئه‌گه‌ری دواخستن بكرێت، ئه‌وه‌ى بوو پێوه‌ندى به پێڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان بوو كه ده‌بێت 48 سه‌عات زووتر كارنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان بدرێت به په‌رله‌مانتاران.
گوتى، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، ئێسته ئه‌وان له كۆبوونه‌وه‌دان بۆ بڕیاردان، پێوه‌ندییه‌كانیش له نێوانماندا به‌رده‌وامه تا بزانین له كام خاڵ ناكۆكى هه‌یه بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ری، ئه‌گه‌رچى جۆرێك له نه‌رمى لای كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌بینرێت بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌كه".
له‌باره‌ى دواخستنى دانیشتنى په‌رله‌مان له‌سه‌ر پرسی راپرسی كه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى داوای ده‌كه‌ن، بێگه‌رد ده‌ڵێ هیچ كه‌سێك ناتوانێت بڵێت دوابخرێت، په‌رله‌مان ئه‌و شوێنه‌یه كه هه‌ر فراكسیۆنێك به جۆرێك بیر ده‌كاته‌وه و مه‌رج نییه هه‌موویان وه‌ك یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه و په‌رله‌مانتارانیش ئازادن له راده‌ربڕین. گوتى "سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌كرێت به به‌شداری یان به‌شدار نه‌بوونى فراكسیۆنی گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى".
جڤاتى نیشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له شه‌وى رابردووه‌وه تا ئێسته له كۆبوونه‌وه‌دایه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر به‌شداریكردنى فراكسیۆنى گۆڕان له كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان یانیش نا.
جڤاتى نیشتمانى شه‌وى رابردوو بێ ئه‌نجام كۆتای به كۆبوونه‌وه‌كه‌ى هێنا، له ئێسته‌شدا له كۆبوونه‌وه دایه.
ئێڤار ئیبراهیم ئه‌ندامى فراكسیۆنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ "وشه" ده‌ڵێ، وه‌ك فراكسیۆنى گۆڕان چاوه‌ڕوانى بڕیاری كۆتای جڤاتى نیشتمانى ده‌كه‌ین كه ئێسته له كۆبوونه‌وه‌دایه.
ئیڤار گوتى "وه‌ك په‌رله‌مانتارێكى گۆڕان ناتوانم بڵێین به‌شدار ده‌بین یا نا، ئێمه‌ش چاوه‌ڕێین له چه‌ند سه‌عاتى داهاتوودا جڤاتى نیشتمانى بڕیاری كۆتا بدات".
مه‌ڕوان گه‌ڵاڵى سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێ لاریمان نییه له‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى یه‌كه‌مى په‌رله‌مان پرسی راپرسی بێت، به‌ڵام داوای گه‌ره‌نتى جێبه‌جێكردنى حه‌وت خاڵه‌كه‌ى پاكێجه‌كه‌ى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان‌مان كردووه.
ئه‌و گوتى "یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان دڵنیایی داوه به كۆمه‌ڵى ئیسلامى له جێبه‌جێكردنى هه‌ر حه‌وت خاڵه‌كه نه‌ك ته‌نیا خاڵێك كه پرسی ریفراندۆمه، به‌ڵام هێشتا ئه‌و گه‌ره‌نتییه‌مان له پارتى دیمو‌كراتى كوردستان وه‌رنه‌گرتووه".
گه‌ڵاڵى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد ناكرێت په‌رله‌مان ته‌نیا بۆ یه‌ك پرس كارا بكرێته‌وه كه ئه‌و مه‌ترسییه هه‌یه، بۆیه داواى دڵنیایییان له یه‌كێتى و پارتى كردووه، گوتى "هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وامن تا سبه‌ى بزانین ده‌رئه‌نجام چی ده‌بێت".
جێى باسه له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى 19ى حوزه‌یران و هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، ناكۆكى كه‌وته نێوان پارتى و گۆڕان. به‌هۆیه‌وه پارتى رێگری له هاتنه‌وه‌ى یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان كرد بۆ هه‌ولێر و ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان كه ماوه‌ى دوو ساڵ زیاتر به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه.