له نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵانی سۆران، چه‌ند حاڵه‌تێكی ده‌گمه‌ن له له‌دایكبوونی منداڵ تۆمار كراوه، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌كه‌ش چه‌ند زانیارییه‌كی له‌مباره‌یه‌وه ئاشكرا كردووه.
ئه‌مڕۆ 14ی ئه‌یلوول، "دكتۆره مهاباد دلاوه‌ر" به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵانی سۆران له لێدوانێكی تایبه‌تدا به "وشه"ی راگه‌یاند: "له سه‌ره‌تای ساڵی 2017 تا ئێسته، 17 منداڵی نائاسایی له‌دایك بوون و شه‌شیان گیانیان له ده‌ست داوه".
به گوته‌ی دكتۆره مهاباد، شه‌ش له منداڵه‌كان به‌هۆی حاڵه‌تی زۆر نائاسایی‌یان له ته‌مه‌نی شه‌ش بۆ حه‌وت مانگی به بڕیاری لیژنه له بار براون، چونكه هیچ چاره‌سه‌رێكیان نه‌بوو ئه‌گه‌ر له دایكیش بوونایه.
دكتۆره مهاباد روونی كرده‌وه: "به‌شێك له منداڵه‌كان كه به‌شێوه‌ی نائاسایی له دایك بوون، قه‌پاغی سه‌ریان پێوه نه‌بووه، هاوكات هه‌ندێكیشیان ریخۆڵه و هه‌ناویان له ده‌ره‌وه بووه، ژماره‌یه‌كیشیان په‌نجه‌ی زیاده و پدوو و لێویان شه‌ق بووه".
له‌باره‌ی چاره‌سه‌ری منداڵه‌كان ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه دا، هه‌ندێك حاڵه‌ت به نه‌شته‌رگه‌ری تا راده‌یه‌ك ده‌توانرێت چاره‌سه‌ریان بۆ بكرێ، به‌ڵام به‌هۆی نائاسایی جه‌سته‌یان، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و منداڵانه توانای چاره‌سه‌ریان نییه.
له‌باره‌ی هۆكاری دروستبوونی منداڵانی له‌م شێوه‌یه، دكتۆره مهاباد ئاشكرای كرد كه هه‌ندێك حاڵه‌تیان سروشتی بوون، به‌ڵام زۆرینه‌ی هۆكاره‌كان بۆ دایكیان ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له ته‌مه‌نی سێ مانگی دووگیانی‌دا هه‌ندێ چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، كاریگه‌ری راسته‌وخۆ له‌سه‌ر كۆرپه‌ڵه‌كانیان دروست ده‌كات، دواجار به نائاسایی ده‌رده‌چێت.
"نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵان" رێكه‌وتی 3/14/ 2011 له سۆران كراوه‌ته‌وه، ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه له به‌شه‌كانی منداڵان و ژنان پێك دێ، به‌شی ژنان له ساڵه‌ی ویلاده، به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری، فریاكه‌وتنی ژنان و ره‌دهه پێك هاتووه. به‌شی منداڵانیش، ئیستشاری و فریاكه‌وتنی منداڵان، ره‌دهه و خودج هه‌یه. جگه له‌مانه‌ش، به‌شی تیشك (MRA & CITE SKAN & SONAR) و ئیستشاره‌ی هیماتۆلۆجی هه‌یه و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی تالاسیما ده‌كرێت و خوێن لێره وه‌رده‌گرن.
له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا نه‌شته‌رگه‌ری نیمچه تایبه‌تی ئه‌نجام ده‌درێت، به گشتی 142 پزیشك و په‌رستیار له‌و نه‌خۆشخانه‌یه رۆژانه كار ده‌كه‌ن، نه‌خۆشخانه‌ی له دایكبوون و منداڵانی به مه‌به‌ستی كارئاسانی بۆ هه‌ر چوار شارۆكه‌ی، سۆران، مێرگه‌سۆر، رواندز و چۆمان، له شارۆكه‌ی سۆران دروست كراوه، زۆر جاریش ژن و منداڵانی نه‌خۆش له شارۆكه‌ی رانیه‌وه روو له‌و نه‌خۆشخانه‌یه ده‌كه‌ن و چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.
سۆران – موڕشید برادۆستی