رەعد دەهلەكی: پێویستە لایەنی نێودەوڵەتی گرەنتی بە كورد و سونە بدات

:: AM:11:11:15/09/2017 ‌

دۆخی عێراق لە سایەی خواستی جیاجیای پێكهاتەكانی عێراق و لاوازیی متمانەیان بەیەكتر، بەتایبەتی بە پێكهاتەی فەرمانڕەوا لە عێراق كە دووپات لە زۆرینەی سیاسی وەك باشترین سیستەمی بۆ فەرمانڕەوایی لە وڵات دەكاتەوە، بەرەو ئاڵۆزی و نادیاری زیاتر دەچێت، رەعد دەهلەكی پەرلەمانتاری سوننە و سەرۆكی لیژنەی ئاوارەكان لە پەرلەمانی عێراق، لە دیداری "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی گرنگ.

*لە سایەی ئەو پەرەسەندنانەی دۆخی عێراق، داهاتووی پرۆسەی سیاسی بەرەو كوێ هەنگاو دەنێت؟
عێراق لە قۆناغی راگوزەرەوە دەستی پێ كرد، بەڵام تا ئێستە ئاراستەكەی بەرەو بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەكان نەبووە، ئەگەرچی لە دوای 2010 سەقامگیری لە وڵاتدا هەبوو و هەموو بارستە سیاسییەكان پێوەندییان هەبوو، بەڵام دوای ئەوە دۆخەكە بەرەو ناسەقامگیری و كێشە لە نێوان پێكهاتەكان هەنگاوی نا، ئێستەیش دۆخەكە پێویست بە رووكردنە لامەركەزیی دەكات، نەك تەنیا لەلایەن پارێزگا سوننەكانەوە، بەڵكو پارێزگاكانی باشووریش، بۆیە وای دەبینم قۆناغی داهاتوو نامەركەزی دەبێت.

*لە سایەی فرە پڕۆژەیی بۆ قۆناغی داهاتووی دوای داعش، ئاخۆ عێراقییەكان دەتوانن جارێكی تر دابنیشنەوە لەگەڵ یەكتر؟
لە قۆناغی داهاتوودا ئەو سەنگەرگرتن و فرە پڕۆژەیییە نامێنێت، بەڵكو چەند تەوەریی دروست دەبێت، وای دەبینم سەرانسەری عێراق بەدرێژایی دابەشی سەر دوو تەوەر دەبێت، هەردوو تەوەر پڕۆژەكانیان لێك نزیكن و خەریكە دروست دەبێت، بەپێچەوانەی پێشتر كە دابەشبوونەكە بەپانی بوو لەسەر بنەمای تایفی و نەتەوەیی كە گەلی عێراق و شەقام رەتی كردەوە، واتە یەكێكیان لە دەسەڵات و ئەویتریان لە ئۆپۆزسیۆن و دوور لە ناكۆكی تایفی و نەتەوەیی، ئەوەش ئەگەر دیدێكی دانایانە لەلایەن سیاسییەكانەوە هەبێت.

*هەرێم روو لە ریفراندۆم دەكات و سووریشە لەسەری، وەك سوننە چۆن دەڕواننە ئەو خواستەی كورد؟
یەكەم سوننە لە دژی خواستی گەلان نین بۆ چارەی خۆنووسین، ئێمە لەگەڵ مافی گەلانین كە هەر گەلێك ئەوەی بە مافی خۆی دەیبینێت داوای بكات و بەدەستی بێنێت و لە ژیانێكی تەناهی و ئاشتیدا بژین، جا لەگەڵ هاوبەشانی یان بەبێ ئەوان، بەڵام هاوكات خۆمان بەدوور دەگرین لە پاڵپشتیكردنی ئەو خواستەی هەرێمی كوردستان لەبارەی وادەی پرسەكەوە، چونكە عێراق بەچەندان تەنگژەدا تێپەڕ دەبێت. دووەم رەتی دەكەینەوە ریفراندۆم ناوچە كێشەلەسەر و تێكەڵەكان بگرێتەوە، چونكە لەو حاڵەتە سەپاندنی خواستە، لەگەڵ ئەوەشدا وایدەبینین كە ریفراندۆم بە هاوشێوەی دەنگی پارێزگا سوننەكانە ئەو كاتەی فەرامۆش كران و تا ئەم ساتەیش بەردەوامە، ئێستە هاواری ریفراندۆم گەیشتووەتە هەموو لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی و پێویستە هەموومان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و گرێبەستێكی نوێی سیاسی دابڕێژین كە مافی هەمووان دابین و مسۆگەر بكات.
قۆناغی رابردوو بۆ گەلی كورد زۆر ناڕوون و سەخت بوو بەهاوشێوەی سەختییەكەی بۆ سوننە، ئەوەش بەهۆی تاكڕەوی دیكتاتۆریی زۆرینە بۆ بڕیاردان، بەڵام پێ دەچێت كرانەوە و ئیرادەی گەیشتن بە چارەسەری دروست بووبێت، بۆیە چارەسەركردنی كێشەی كورد دوور لە چارەسەركردنی كێشەی عێراق بە بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی و سوننە، چارەسەرێكی كاتییە و سەقامگیری لە وڵات دروست ناكات، بەكورتی بنیاتنانی دەوڵەتی دامەزراوەیی چارەسەری هەموو كێشەكانە.

*بەڵام ئاخۆ ئەوەی باسی دەكەیت مسۆگەریی و گەرەنتی ناوێت كە ببێتە متمانەی هەموو پێكهاتەكان؟
لە پێكهێنانی حكوومەتی پێشوودا گەرەنتی هەبوو، بەڵام بەداخەوە نەبووە هۆی جێبەجێكردنی ئەوەی رێككەوتنی لەبارەوە كرابوو، وەك رێككەوتننی هەولێر و هێزەكانی ئەمەریكا كە خۆیان گەرەنتی پێكهاتنی یەكەم حكوومەتی هاوبەش بوون، هەروەها سعوودیە، بەڵام هەموو ئەوانە سوودی نەبوو، چونكە كێشەكە لە پرۆگرام و رەوتدا بوو، بۆیە پێویستە كار لەسەر گۆڕینی پرۆگرام بكەین. دووەم كێشە لە دەستوور هەیە و پێویستە گرێبەستێكی تری سیاسی بكەین و گەرەنتی راستەقینە هەبێت لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بارستە سیاسییەكان كە ئەوە بووە هۆی ترس و بێ متمانەیی زۆر لە هێزە سیاسییەكان بەتایبەتی سوننە و كورد كە هەمیشە حكوومەت بە رێككەوتن دەهاتە پێكهاتن و دواتر تەنیا لەسەر مێز دەمایەوە، دەبێت ئیتر لایەنی نێودەوڵەتی گەلاەنتی دابین بكات.

*بۆ قۆناغی داهاتوو و لە سایەی بوونی هەموو ئەو كێشانەی هەن، ئاخۆ سیستەمی كۆنفیدراڵی چارەسەرە بۆ دۆخەكە؟
ئێستە عێراق بە دۆخێكی ناسك و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و هەر دەوڵەتێكیش كە لە جەنگ دەبێتەوە، پێویستە دیدێكی نوێی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، فیدراڵیی و كۆنفیدراڵی، هەر چارەسەرییەك كە هەمووان لەسەری رێك دەكەون دەبێتە نموونەیی، بەڵام هەر چارەسەرێكی تاكلایەنە یان دوولایەنە و هەمووان لەسەری رازی نەبن تەمەنی كورت دەبێت، بۆیە پێویستە گرێبەستێكی نوێی سیاسی هەبێت مافی راستەقینەی هەمووان دەستەبەر بكات، دوای ئەزموونی 14 ساڵ هەمووان دەزانن چارەسەر چییە، بۆیە پێویستە دابنیشین جا بە فیدراڵیی یان كۆنفیدراڵیی یان جیابوونەوەی هەرێم، پێویستە بە رەزامەندی هەمووان بێت.

*لە دۆسییەی ئاوارەكاندا وەك سەرۆكی لیژنەی ئاوارەكانی پەرلەمان كە زۆرینەی سوننە ئاوارە بوون، دۆخیان چۆنە و ئەوان بۆچی ناگەڕێنەوە؟
سوپاس و پێزانینی گەورە و مێژوویی خۆم ئاراستەی كوردستان دەكەم، لە دۆخێكی سەختدا تا ئاستی بڕینی مووچە و بودجە، هەستان بە دابەشكردنی پارچەی نان لەگەڵ ئاوارەكان، ئەوە مێژوو شایەتە لەسەری، لەلایەكی تر دۆخی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی باشدایە بە بەراورد بە دۆخیان لە دەرەوەی هەرێم، بۆ نەگەڕانەوەی ئاوارەكان، چەندان هۆ هەن لەوانە: سیاسی و تەناهی و دەرەكی، تێكەڵكردنی فایلەكانی مرۆیی و سیاسی كارەساتی دروست كرد، هەندێك ناوچە تا ئێستەیش دۆخەكەیان جیاوازیەكی نییە لەگەڵ كەمپەكان لە رووی خزمەتگوزارییەوە، جیا لەوەش دۆخی تەناهییان ناسەقامگیرە، بەڵام هۆی گەورەتر ئەوەیە چەند لایەنێكی سیاسی و دەرەكی كار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی دەكەن لە رێی بەربەست خستنە بەردەم گەڕانەوەی راگوازراوانەوە.

*لە یەكێك لە دیمانەكانتدا باسی بوونی دەوڵەتی قووڵت كردووە لە عێراق كە رێگرە لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان، مەبەستت چییە؟
دەوڵەتی قووڵایی ئەوەیە كۆنترۆڵی خاك دەكات، بۆ نموونە ئێستە چەندان بڕیاری حكوومەت هەیە بە گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەڵام لەسەر خاك جێبەجێ نەكراون، بۆیە دەوڵەتی قووڵ رێگرە لە بەردەم جێبەجێبوونی بڕیارەكانی حكوومەت، ئەوە هەمووانی تۆقاندووە،  پێویستە حكوومەت بەرژدی لە دژی ئەو خۆسەپاندنەی دەوڵەتی قووڵایی بووەستێتەوە كە بەشێكی ئەجیندای دەرەكی و بەشێكی تری ئەجیندای حزبی و سیاسی بەرجەستە دەكەن، سەركەوتنی راستەقینە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنی خۆیان.

*لە بارەی دۆخی پارێزگای دیالە، بۆچی راستەڕێ نابێت و بەردەوام باسی پاكتاوی تایفی دەكرێت، كێشەكە چییە؟
كێشەی ئەو پارێزگا فرەنەتەوە و تایفییە، نەبوونی رێككەوتنێكی سیاسییە و تا ئەم ساتەیش وتوێژی راستەقینە لەو پارێزگایە نییە، چونكە پرۆسەی سیاسی بە گشتی لەسەر بنەمای سێگۆشەی سوننە و شیعە و كورد دامەزراوە، هەر ناكۆكییەك لە نێوان ئەو پێكهاتانە كاریگەری بۆ سەر ئەو ناوچانە هەیە كە تیایدا بە هاوبەشی دەژین وەك دیالە، جیا لەوەش بڵاوبوونەوەی چەكی نافەرمی زۆر كاری كردووەتە سەر ناسەقامگیری دیالە.

*لە 25ی سێپتێمبەر ئەگەر ریفراندۆم كرا، لە عێراق چی روو دەدات؟
دانایی سیاسەتوانانی كورد هەمیشە بوونی هەبووە و جێی سەرسوڕمانی ئێمە بووە، بەتایبەتی لە بەڕێوەبردنی تەنگژەكاندا، بۆیە هیوادارین 25ی سێپتێمبەر ببێتە رۆژی پەرەدان بە عێراقێكی نوێ و كۆتاهاتنی تەنگژەكان، نەك سەرەتای تەنگژەیەكی نوێ، ئەگەر سووربوون هەبێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە، ئەوە دەچینە ناو دۆخی ناكۆكی و ئاڵۆزی لەسەر ئاستی تەواوی عێراق، بۆیە هەر چارەسەرییەك پێویستە بۆ هەمووان بێت و بەسەر هەمووان رەنگ بداتەوە. 
      
وشە/ مەحموود ئیسماعیل



وشە - تایبه‌ت