ئابڕووچوونێكی تری وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرا بوو

:: AM:11:21:15/09/2017 ‌

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك دەكات بە مەبەستی بەڕێوەبەردنی سیستەمی "زانكۆلاین"، بەڵام كۆمپانیاكە بوونی نییە و ئەو شوێنەیش وەك ناونیشان و ئۆفیسی كۆمپانیا نووسیویەتی "ماڵێكە و خێزانێك تێیدا دەژین".

ڕۆژی چوارشەم شەشی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاری دا وێبسایتی زانكۆلاین كە تایبەتە بە وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ واتە تا سەعات 12ی شەوی 14ی ئەیلوول بەردەوام بێت. هەرچەندە وەزارەتەكە چۆنیەتیی كاراكردنی سیستەكەی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئێستە كێشە بۆ دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی دروست بووە و ئەوەی ئەوان باسیان كردووە "ئەوە دەرنەچووە".

بۆ بەدەستهێنانی ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) بە كۆدی تاقیكردنەوەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی بچنە ناو سیستەمی زانكۆلاین، دواتریش ژمارەی تەلەفۆنی خۆیان تۆمار بكەن و پاشان لە ڕێی كورتە نامەیەكەوە ناوی بەكارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد)یان بەدەست دەگات، دواتر دەتوانن بچنە ناو سیستەمی زانكۆلاین بۆ هەڵبژاردنی بەش و كۆلێژ و پەیمانگە لە زانكۆكان.

محەمەد عەلی یەكێك لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، سیستەمەكە زۆر بەشێوەیەكی سست كار دەكات و لە دوای چەند ڕۆژێك ئینجا پاسۆردت بە دەست دەگاتەوە بۆ ئەوەی پەیمانگە یان زانكۆ هەڵبژێریت، ئەو حاڵەتە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی تووشی دڵەڕاوكە كردووە و ناتوانن بەشێوەیەكی دروست فۆڕمەكانیان پڕ بكەنەوە.

هاوكات چیمەن غەفوور یەكێكی ترە لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی و بە"وشە"ی گوت "ئێستە لە هەندێك سەنتەر و شوێن، فۆڕمی زانكۆلاین پڕ دەكەنەوە، بەڵام بەرامبەر بە پڕكردنەوەی هەر فۆڕمێك 50 دۆلار وەردەگرن".

ئەو قوتابییە ئاماژەی بەوە كرد كە لە هەولێر تەنیا چەند سەنتەرێك هەن ئەو كارانە دەكەن و بەڵێنی هاتنەوەی پاسۆردەكە دەدەن، بەڵام ئەوەش ڕاست دەرنەچووە و تەنیا مەبەستیان وەرگرتنی ئەو پارەیە لە قوتابییان.

ئێستە تەنیا دەرچووانی خولی یەكەمی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەتوانن لە ڕێی (زانكۆلاین) داوا پێشكەش بكەن و لە كاتێكی تردا (زانكۆلاین) بۆ دەرچووانی خولی دووەم كارا دەكرێتەوە، ئەوە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. سەرچاوەیەك لەو وەزارەتە, بە"وشە"ی  ڕاگەیاند، لە سیستەمی "زانكۆلاین" و گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیاكان، وەزارەتی خوێندنی باڵای گەندەڵی تێپەڕاندووە.

سەرچاوەكە رای گەیاند، سیستەمەكە كێشەی تێدایە و دوای ناردنی نامەی قوتابییان ماوەیەكی زۆری پێ دەچێت بۆ وەڵامدانەوە كە لە گرێبەستەكەدا بەهیچ شێوەیەك رێككەوتن لەسەر ئەوە نەكراوە و ئەو گرێبەستەی لەگەڵ كۆمپانیایەك بەناوی (م.ت) كراوە هیچ بنەمایەكی نییە.

سەرچاوەكە پێی باش نەبوو ناوی بڵاو بكرێتەوە، بەڵام ئاشكرای كرد كە "بەپێی بەدواداچوونی لیژنەیەكی تایبەت دەركەوتووە ئەو ناونیشانەی كۆمپانیاكە نووسیویەتی، بوونی نییە و ئەو باڵەخانەیە بەتاڵە و لە شوێنێكی تریش ئەو خانووەی ئەوان ناونیشانیان داوە ماڵێكی تێدایە لە ناو شاری هەولێردا".

"زیاتر لە 36 هەزار قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی تەنیا لە هەولێر هەن و ئەوانە لە هەندێك سەنتەری كۆمپیوتەر لە هەولێر 50 دۆلار لە قوتابییان وەردەگرن و خەڵكێكی زۆر ڕوویان تێدەكات و تا ئێستەیش 98%ی ناوی خوێندكاران لە زانكۆلاین نەگەڕاوەتەوە" سەرچاوەكە وای گوت.

دووپاتی كردەوە كە ئەو گرێبەستە لەلایەن كەسێك بەناوی "م. ئارام" بەرپرسی وەرگرتنی خوێندكاران كراوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاگەداری وردەكارییەكەی نییە. بۆیە "وشە" زیاتر لە چەند جارێك پێوەندی بە "م. ئارام" بەڕێوەبەری بەشی وەرگرتنی خوێندكاران كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

عەباس ئەكرەم گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە"وشە"ی راگەیاند، پڕكردنەوەی زانكۆلاین نرخی هەر چەند بێت لەلایەن سەنتەرەكانەوە، پێوەندی بە وەزارەتەوە نییە و ئەوە خەڵك خۆیان دەچن لەوێ‌ پڕی دەكەنەوە.

ئەكرەم رەتی كردەوە كە بە هیچ جۆرێك گرێبەستی وەهمی لەمبارەیەوە كرابێت و ڕای گەیاند، "بەشی وەرگرتنی خوێندكاران گرێبەستەكەیان كردووە، بەڵام نەمانزانیوە كۆمپانیا وەهمی بووبێت، بەڵكو لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە".

 تا ئێستە كێشەكە بەم شێوەیە ماوەتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیچ ڕوونكردنەوەیەكی لەمبارەیەوە نەداوە.

هەولێر/ سەرخێڵ هاشم




وشە - تایبه‌ت