ئیسلام بۆ ئه‌وه نه‌هاتووه سیسته‌مێكی سیاسیی دیاریكراو پێڕه‌و بكات.
كاتێك ناوی ده‌وڵه‌ت و ناوی ئێسلام پێكه‌وه لێك ده‌درێن، یه‌كسه‌ر نزیكترین نموونه، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش) دێته به‌رچاومان. ئایا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بریتییه له فهرمانڕهوایییهكی تاكڕه‌وی كه هه‌ڕه‌می خه‌لیفه بڕیار له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌دات و هیچ ئایدۆلۆجیا و ئاینێكی تر له‌و ده‌وڵه‌ته جێی نابێته‌وه؟ یان ئیسلام مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی فراوان كردووه و ورده‌كارییه‌كانی بۆ مرۆڤ خۆی جێ هێشتووه؟ دكتۆر محه‌مه‌د شاكر ڕاگری كۆلێژی شه‌ریعه و ئه‌ندامی كۆڕبه‌ندی هزری ئیسلامی، هه‌رگیز دیمه‌نی یه‌كه‌م به به‌شێك له سیسته‌می ئیسلامی نازانێ و له ڕوانگه‌ی دیمه‌نی دووه‌مه‌وه له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ "وشه" به ڕوونكردنه‌وه ده‌دا.
* ده‌وڵه‌ت لای ئیسلام چییه؟
ده‌وڵه‌ت به تێگه‌یشتنی سه‌رده‌مییانه كه له زانسته سیاسییه‌كان ده‌خوێنرێ، بریتییه له دوو جۆر، ساده و تێكه‌ڵاو، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه بڕیار و ده‌سه‌ڵاته‌كان لای ناوه‌نده و دووه‌میش ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵات ده‌دات به هه‌رێمه‌كان حوكمی خۆیان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكا، ئیمارات و زۆر شوێنی تر هه‌یه له نێوان نه‌ته‌وه‌ی جیا و ئاینی جیا ده‌كرێ. له فیكری ئیسلامی ئه‌و جۆره پۆلێنه بوونی نییه، ئه‌وانه ده‌سته‌واژه‌ی نوێن، له ئیسلامدا ته‌نیا باسی یه‌كێتیی "ئوممه" كراوه، وه‌ك له قورئاندا هاتووه: "وان هژه أمتكم أمه واحده"، شێوازی حوكم و پێكهاته‌ی ده‌وڵه‌ت باس نه‌كراوه. ئیسلام بۆ ئه‌وه نه‌هاتووه سیسته‌مێكی سیاسیی دیاریكراو پێڕه‌و بكات، ئیسلام ئاینێكی ئه‌خلاقییه، بۆیه ده‌بینین له قورئان بابه‌تی عیبادهت، خێزان و هه‌موو بابه‌ته‌كانی پێوه‌ستن به ئه‌خلاقه‌وه، به فراوانی باس كراون.
* كه‌واته ئیسلام سیاسه‌ت ناكات؟
هه‌موو ده‌وڵه‌تێك به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی خۆی هه‌یه پێڕه‌وی ده‌كات و سیسته‌می خۆی هه‌یه، بۆ نموونه ده‌وڵه‌ت هه‌یه له‌سه‌ر سیسته‌می دیموكراتی، پاشایی، كۆماری، بۆماوه‌یی. له ئیسلامدا به‌هیچ شێوازێك باسی سیسته‌می حوكمڕانی نه‌كراوه، ته‌نیا هه‌ندێك هێڵی گشتی باس كراون، ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌گرێته ده‌ست، ده‌توانێ ئه‌و بنه‌مایانه جێبه‌جێ بكات، له‌و بنه‌مایانه: یه‌كه‌م، دادپه‌وره‌ری "وإژا حكمتم بین الناس ان تحكمو بالعدل". دووه‌م، پابه‌ندبوون به بڕیاره‌كانی وه‌لی ئه‌مر (سه‌رۆك، فه‌رمانڕه‌وا) بۆ ئه‌وه‌ی ناسه‌قامگیری ڕوو نه‌دا. سێیه‌م، دابه‌شكردنی ئه‌رك و مافه‌كان به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته. چواره‌م بنه‌ما، بریتییه له شوورا (ڕاوێژ)، له ئیسلامدا نابێ هیچ كه‌س له خۆیه‌وه حوكم بكات، ئیسلام بڕوای به تاكڕه‌وی نییه. ده‌كرێ هه‌ڵبژاردن به نموونه‌ی شوورا بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه دابنرێ.
ئه‌مانه هێڵه گشتییهكانن، به‌ڵام له‌سه‌ر ورده‌كاریی سیاسه‌ت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕۆ نه‌چووه‌ته ناوی. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای قورئان بكه‌ی، ته‌نیا چه‌ند ئایه‌تێك باسی سیاسه‌ت ده‌كات، ئه‌وانیش له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته مه‌ده‌نییه‌كان تێناپه‌ڕن. بۆیه ئه‌گه‌ر بته‌وێ ته‌نیا له قورئان و فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه ببه‌یت و سیاسه‌ت بكه‌یت، ده‌بینی كه‌لێنێكی زۆری تێدایه، ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ست كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ بزانێ سیاسه‌ت كارێكی مرۆیییه و پێوه‌سته به به‌رژه‌وه‌ندیی مرۆڤه‌كان پێكه‌وه و به‌پێی سه‌رده‌م و شوێنه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت و جێی ئه‌وه‌یه له هه‌ر دۆخێك‌دا سیاسه‌تێكی نوێ بێته ئاراوه، بۆیه ئیسلام به كراوه‌یی هێشتوویه‌تییه‌وه و ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، خۆی ئه‌و سیسته‌مه هه‌ڵده‌بژێرێ كه گونجاوه.
* ئه‌و ئایه‌ته‌ی باست كرد، ده‌ریده‌خات ئه‌وه‌ی ببێت به مسوڵمان ئیتر ده‌چێته ژێر نه‌ته‌وه‌یه‌كی نوێ كه پێی ده‌گوترێ نه‌ته‌وه‌ی ئیسلام و ئیتر ده‌بێ مرۆڤه‌كان داماڵدرێن له نه‌ته‌وه و میلله‌تی خۆیان؟
قورئان كاتێك باسی نه‌ته‌وه (ئوممه‌ت) ده‌كات، مه‌به‌ستی لایه‌نه ئه‌خلاقی و ئاینییهكهیه، مسوڵمانان هه‌موویان به یه‌ك شێواز پێوه‌ندییه‌كانی خۆیان و خوا و په‌رستشه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ نموونه چوونی مسوڵمانان بۆ حه‌ج، ئه‌مه پێوه‌ندییه‌كی ئه‌خلاقی و ئاینی دروست ده‌كات، به‌بێ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی داببڕێ. ئیسلام ڕێگریی نه‌كردووه له‌گه‌ڵ كه‌سانێك كه له ئاینی خۆت نییه، مامه‌ڵه بكه‌یت، بگره بنه‌ماكانی ڕێزگرتنی له ئه‌ویتر له ئاین و بڕواكانی تر داناوه و هه‌مووی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقییاته، واته ئوممه‌ت هیچ مانایه‌كی سیاسی ناگه‌یه‌نێ. ئیسلام ئاین و ئوممه‌ته، به‌ڵام ئاین و ده‌وڵه‌ت نییه. ئه‌وه یه‌كێكه له هه‌ڵه گه‌وره‌كان كاتێك ئیسلام ده‌خه‌یته ناو پرۆسه‌ی سیاسه‌ته‌وه، بۆ نموونه بته‌وێ به ناوی ئیسلام پۆستێكی سیاسی وه‌ربگری، ئه‌مه زیانی زۆر به ئاینه‌كه ده‌گه‌یه‌نێ.
* كه‌واته ئه‌وه‌ی حزبه ئیسلامییه‌كان ده‌یكه‌ن هه‌ڵه‌یه؟
ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، ئیجتیهاده، ده‌كرێ ڕاست بێ و ده‌كرێ هه‌ڵه‌یش بێت. هه‌ڵه‌كه‌ی له‌وه‌دایه ئه‌وان ناوی ئیسلام به‌كار دێنن و ئیتر هه‌موو كردارێكیان له‌سه‌ر ئیسلام ده‌كه‌وێ. بڕوابوون به ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تێك كه گوایه ئیسلام دایڕشتووه و بڕوابوونه به ده‌وڵه‌تی ئاینی، نموونه‌ی ئه‌وه ده‌رده‌چێ كه داعش كردی. حزبه ئیسلامییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بانگه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی ئاینی ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌هیچ شێوازێك ئیسلام نه‌یویستووه. ئیسلام حوكم ناكات، به‌ڵام بڕیار ده‌دات به چ حوكمێك ڕازییه و به‌چی ڕازی نییه.
هه‌ر حزبێك حوكم بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌و چوار بنه‌مایه‌ی جێبه‌جێ كرد كه پێشتر باسمان كرد، ئه‌وه حوكمێكه ئیسلام پێی ڕازییه، ئیتر پێویست ناكات ناوی ئیسلامی بێت. خۆی ناوی ئیسلام له‌سه‌ر حزب كارێكی هه‌ڵه‌یه، خوا ده‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر له‌ناو خه‌ڵك حوكمتان كرد، به دادپه‌روه‌ری بیكه‌ن. دادپه‌روه‌ری ده‌سته‌واژه‌یه‌كی گشتییه و ده‌كرێ وڵاتێكی ئه‌وروپا باشتر پێڕه‌وی بكات، بگره ئه‌وان دووپات له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌م بنه‌ما گشتییانه‌ی ئیسلام ده‌كه‌نه‌وه.
* كه‌واته ئیسلام له مێژه بڕوای به سیكۆلاریزم هێناوه كه ده‌وڵه‌ت كاری مرۆڤه و ئاینیش ئه‌خلاقییات و په‌رستشه؟
- من ناوی نانێم سیكۆلاری، ناوی ده‌نێم مه‌ده‌نی. ئیسلام له‌گه‌ڵ حوكمێكی مه‌ده‌نییه، له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئاینی نییه، ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ش پێغه‌مبه‌ر دایمه‌زراند مه‌ده‌نی بوو، هه‌موو ئاین و نه‌ته‌وه‌كان پێكه‌وه تێیدا به‌شدار بوون. كاتێك ده‌ڵێین مه‌ده‌نی، واته ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌ی ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، نابه‌سترێته‌وه به بڕیارێكی خوایی كه دوور بێت له هه‌ڵه، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ش ده‌كات و موقه‌ده‌سیش نییه. گه‌ل هه‌ڵیده‌بژێرێ و هه‌ڵه‌ی كرد گه‌ل لای ده‌بات، چونكه له ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی، فه‌رمانڕه‌وا نوێنه‌ره و گه‌ل بناغه‌یه. به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتی ئاینی، ئه‌میر، خه‌لیفه، سه‌رۆك یان هه‌ر ناوێكی تری هه‌بێ، موقه‌ده‌سه و مهعسوومیشه تا ئاستێك، ڕاستی ته‌نیا لای ئه‌وه و ته‌نیا فه‌رمانی ئه‌و و داروده‌سته‌كه‌ی جێبه‌جێ ده‌كرێن، حوكمه‌كه‌ش دیكتاتۆری و تاكڕۆییه، ئیسلام له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره حوكمه‌دا نییه.
* بۆچی كێشه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سته‌واژه‌ی سیكۆلاریزم هه‌یه؟
عه‌لمانییه‌ت دروستكراوێكی ڕۆژئاوایییه و له ئه‌نجامی پێویستییه‌ك دروست بوو، سوودێكی زۆریشیان لێ كرد، چونكه توانی شۆڕش به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی توندڕۆی كه‌نیسه‌دا بكات كه به هه‌مانشێوه‌ی توندڕه‌وانی ناو ئیسلام تاكڕۆییانه حوكمیان ده‌كرد، ئه‌وان پێی ده‌ڵێن سه‌رده‌می تاریكی، دواتر سه‌رده‌می ڕابوون هات و عه‌لمانییه‌تی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و توانی ڕزگاریان بكات له‌و دۆخه. به‌ڵام لای ئێمه شێوه‌یه‌كی تره، ئاینی ئیسلام به ته‌واوی به‌و شێوه‌یه نییه كه نه‌چێته ناو سیاسه‌ته‌وه تا سیسته‌می سیكۆلاریزم بیگرێته‌وه، به‌ڵكو چووه‌ته ناو هه‌موو جومگه‌كانه‌وه، به‌ڵام له بابه‌ته‌كانی حوكم و ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا هێڵكاریی گشتی داناوه و ورده‌كارییه‌كه‌ی جێ هێشتووه، بۆیه ده‌سته‌واژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بۆ ئیسلام گونجاوتره له ده‌سه‌ڵاتی عه‌لمانی.
* كه‌واته ماده‌م ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ ئیسلام ده‌گونجێ، ده‌كرێ سوود له یاسا و سیسته‌می ئه‌وروپا ببینێ؟
به‌ڵێ ڕێك ئه‌وه ڕاسته، ئێمه ده‌توانین سوود له ڕۆژئاوا ببینین. ده‌بینی كه‌سانێكی هۆشمه‌ند سیسته‌مێكی جوانیان داناوه، ئێمه ده‌توانین سوودی لێ ببینین. سیاسه‌ت له ئیسلام پێوه‌ست نییه به ده‌قه‌وه. خۆی كێشه‌كه لێره‌دایه كه پێت وابێت ئیسلام ته‌نیا پێڕه‌وی ده‌قه‌كانی خۆی ده‌كات، ئه‌مه ته‌نیا بۆ عه‌قیده ڕاسته نه‌ك سیاسه‌ت و حوكمڕانی. یاسای ئیسلام بۆ سیاسه‌ت ئه‌وه‌یه، پێچه‌وانه‌ی شه‌رع نه‌بێ، دیسان له‌ژێر ئه‌و هێڵه گشتییانه‌ی باسمان كردن. بۆیه ده‌بینی له قورئاندا نافه‌رموێ ئه‌گه‌ر له‌ناو خه‌ڵكدا حوكمتان كرد، به شه‌ریعه‌تی ئیسلام بیكه‌ن، به‌ڵكو ده‌فه‌رموێ به دادپه‌وره‌ری بیكه‌ن. ئه‌گه‌ر گوتمان شه‌ریعه‌ت، كامه ڕاسته؟ ئه‌وه‌ی شیعه یان سوننه؟ سه‌له‌فی یان سۆفی؟ كام حزبی ئیسلامی؟ بۆیه خوای گه‌وره پێوه‌ستی كردووه به دادپه‌روه‌ری چونكه كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و چه‌مكه گومانی نییه.
* ئه‌گه‌ر وه‌ك عه‌ره‌بێك پرسیار بكه‌م، دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی تر پێگه‌ی ئیسلام بچووك ده‌كاته‌وه و له ئوممه‌ته‌كه لای ده‌دا، بۆ ده‌بێ ئه‌مه ڕه‌وا بێت؟
ئه‌ی بۆچی بۆ عه‌ره‌ب ڕه‌وا بێت 22 ده‌وڵه‌تیان هه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده به په‌رۆشی ئوممه‌تی ئیسلامن كه‌واته با خۆیان یه‌ك بخه‌ن، ئه‌گه‌رچی مانای ئوممه‌ت یه‌ك ده‌وڵه‌ت و یه‌ك پارچه نییه. له سه‌رده‌می ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كانیش، هه‌ر ناوچه‌یه‌ك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بووه و سه‌رۆكێكی به ناوی والی هه‌بووه و حوكمی ناوچه‌كه‌ی خۆی كردووه. خۆ ئه‌گه‌ر ئوممه‌تیش به یه‌كپارچه‌یی هه‌موو ئیسلام ڕاڤه ده‌كه‌ن، ئه‌وه ده‌بێ هه‌ر وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان باس نه‌كرێ، كه‌ی ئێران، توركیا، مالیزیا و ئه‌نده‌نووسیا و وڵاته مسوڵمانه‌كانی تر بوون به یه‌ك ده‌وڵه‌ت، ئه‌وكاته با گله‌یی له ئێمه‌ش بكه‌ن.
* ئه‌گه‌ر كوردستان سه‌ربه‌خۆ بوو، ده‌ته‌وێ چۆن بێت؟
ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی دیموكراتی بێت، حه‌ز ناكه‌م بڵێم ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی چونكه هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌دا نیم. باشترین نموونه‌ی ده‌وڵه‌ت ئێسته وڵاتانی ڕۆژئاوان، خه‌ون به ده‌وڵه‌تێكی ئاواوه ده‌بینم بۆ كوردستان و هه‌رگیز چاوم له‌سه‌ر نموونه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییانه نییه كه تاكڕۆیی و دیكتاتۆریی پێڕه‌و ده‌كه‌ن.