داوای سەندنەوەی خەڵاتی نۆبل لە ئۆنگ سان چو دەكرێت

:: AM:11:07:16/09/2017 ‌
بەشی چوارەم

میانمار یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆژئاوای ئاسیا كە هاوسنوورە لەگەڵ هەریەك لە چین و هیندستان و بەنگلادیش، بە وڵاتێكی فرە نەتەوە و ئاین دەناسرێت كە زۆرینەی دانیشتووانی بووزین، پاشان هیندۆس و مسوڵمان و كریستانەكان.

كردەوەگەلە فراوانەكەی ئەمجارەی سوپا، پۆلیس و بووزییەكانی میانمار كە بەهۆیەوە زیاتر لە 313 هەزار رۆهینگی ئاوارەی بەنگلادیش بوونە، دوای نۆ هەوڵی شكستخواردووی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمجارەیان هەر 15 ئەندامی ئەنجوومەنەكە كۆدەنگ بوون لەسەر دەركردنی بەیاننامەیەكی توند دژ بە حكوومەتی میانمار.

ئونگ سان سو چی كێیە؟
ئونگ، ئۆپۆزسیۆن و چالاكی ناوداری میانمار، هەڵگری خەڵاتی نۆبل بۆ ئاشتی كە دوایی كۆششێكی زۆر و 10 ساڵ گرتن و رێگریكردن لە گەشتی دەرەوەی وڵات، ساڵی 2016 توانی ببێتە راوێژكاری دەوڵەت كە پۆستەكەی هاوشانی پۆستی سەرۆك وەزیرانە.

ئونگ لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 1945 لە رانگۆن (یانگون) پایتەختی میانمار لە دایك بووە، شووی بە مایكڵ ئریسی بە رەگەز بەریتانی كردووە كە مامۆستای زانكۆیە و پسپۆڕە لە كاروباری تبت و بووزییەكان. ئونگ و مایكڵ بەیەكەوە ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە و دوو منداڵیان هەیە.

خوێندن و پێگەیاندن
ئونگ خوێندنی لە قوتابخانەكانی رانگون دەست پێكرد بەڵام بەهۆی ئەوەی باوكی باڵوێزی وڵاتەكەی بووە لە هیندستان، ساڵی 1960 لەگەڵ باوكی دەچێتە هیندستان و درێژە بە خوێندن دەدات.

ئونگ خوێندنی باڵای لە زانكۆی ئۆكسفۆرد تەواو دەكات و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە فەلسەفە و سیاسەت و ئابووری ساڵی 1969 لە بەریتانیا تەواو دەكات. پاشان خوێندنی دكتۆرای لە زانكۆی لەندەن ساڵی 1985 تەواو دەكات و دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانەی توێژینەوەی رۆژهەڵات لە لەندەن. ئونگ لە مانگی نیسانی ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە وڵاتەكەی بۆ چاودێریكردنی دۆخی تەندروستی دایكی بەهۆی نەخۆشییەوە.

ئاراستەی ئایدۆلۆجی
ئونگ سو چی ئاراستەیەكی نەتەوەیی هەبووە و خۆی وابەستەی هیچ ئایدۆلۆجییەكی دیاریكراو نەكردووە، هەوڵ و كۆششی كردووە بۆ رزگاركردنی وڵاتەكەی لە ژێر دەستی دەسەڵاتی سەربازی.

پۆست و بەرپرسیاریەتی
دوای تەواوكردنی خوێندن، ئونگ لە شاری نیویۆرك نیشتەجێ دەبێت و دەبێتە بەرپرسیاری بودجەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ماوەی سێ ساڵ. پاشان دوو ساڵ لەگەڵ پەیمانگەی هیندی بۆ توێژینەوەی پێشكەوتوو كار دەكات لە شاری شیملای هیندستانی، دواتریش بۆ ماوەیەك بۆ بەرژەوەندی حكوومەتی یەكێتیی میانمار كاری كردووە.

ئاراستەی سیاسی و دامەزراندنی حزب
ئونگ یەكەم گوتاری بە ئاشكرا لە مانگی ئابی 1988 پێشكەش كرد پاش راپەڕینی قوتابییان لە وڵاتەكەی. لە گوتارەكەیدا داوای پێكهێنانی حكوومەتێكی راگوزەری كرد و داواشیكرد كە هەڵبژاردنێكی ئازادانە ئەنجام بدرێت. پاشان لەگەڵ هەندێك كەسایەتی تر حزبی رابیتەی نیشتمانی دیموكراتی دامەزراند.

حزبەكەی ئونگ سو چی، حزبێكی چەپی ناوەڕاستە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 1990, 80%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا كە دەكاتە 392 كورسی پەرلەمانی لە كۆی 485 كورسی، بەڵام سوپا رەتی كردەوە دەسەڵاتی رادەست بكات، ئەمەش وایكرد حزبەكەی وەك ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە بۆ ماوەی 15 ساڵ كە جارێكی تر زۆرینەی بەدەست هێناوەیە. لە لیستی حزبەكەیدا سو چی رەتیكردەوە هیچ مسوڵمانێك بەربژێر بكات بۆ ئەندامیەتی پەرلەمان.

دواتر سو چی كرایە سەرۆكی فەخری فراكسیۆنی سۆشیالیستی جیهانی كە كۆمەڵێك حزبی چەپی سۆشیالیست لە ئاستی وڵاتانی دنیادا ئەندامن تێیدا.

بەرنامەی حزبەكە لەسەر بنەمای دیموكراسی و فرەیی دامەزراوە كە پشتگیری لە ئازادییە گشتییەكان و مافەكانی مرۆڤ، سەروەری یاسا، بەرژەوەندی نیشتمانی، سەربەخۆیی دادگا، ئازادی راگەیاندن و باشتركردنی چاودێری كۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتییان.

هەڵوێستەكانی ئونگ، دەسەڵاتی سەربازیی تووڕە كرد و بڕیاری مانەوە لە ماڵ و دەرنەچوونیان بەسەردا سەپاند، تەنانەت رێیان نەدا مناڵ و هاوسەرەكەشی ببینێت، ئەم بڕیارەش لە ساڵی 1989 تا 1995 بەردەوام بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حزبەكەی لە هەڵبژاردنی 1991 زۆرینەی رەهای دەنگەكانی بەدەست هێنا، بەڵام دەسەڵاتی سەربازی باوەڕیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە نەكرد.

دوای ساڵی 1995، جارێكی تر ساڵی 2000  لەناو ماڵەكەیدا بۆ ماوەی 19 مانگ دەستبەسەر كرا، لە مانگی ئایاری 2003 بۆ جاری سێیەم ئەمجارەیان هێرش كرایە سەر ئۆتۆمبێلەكەی دوای ئەوەی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد سزا بخاتە سەر وڵاتەكەی و رێ نەدات چی تر گەشتیار سەردانی میانمار بكەن.

 سو چی داوای لە زۆرێك لە وڵاتان كرد كە بەدەنگ كێشە دیموكراسییەكەی بێن، بەتایبەت داوای لە ئەمەریكا كرد لە میانی ئەو گوتارەی لە كۆنگرێسی ئەو وڵاتە پێشكەشی كرد و پاشان باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكایشی بینی. دواتر سەردانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپای كرد و بەرپرسانی ئەوروپی و پاپا فرانشیسكۆ پاپای ڤاتیكانی بینی.

 لە هەڵبژاردنەكانی 23ی نیسانی 2012 بووە ئەندامی پەرلەمان،  پاشان رای گەیاند كە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەگەرچی هێشتا دوو ساڵی مابوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە لە مانگی ئایار 2014 ئەنجام دەدرا. دواتر لایەنگرانی هەڵمەتی هەمواركردنی دەستووریان راگەیاند، بە تایبەت ئەو خاڵەی لە دەستووردا هاتووە كە دەڵێ هەر كەسێك هاوسەرەكەی و منداڵەكانی هەڵگری رەگەزنامەی بیانی بن ناتوانن خۆیان كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستە.

ساڵی 2015 پارتەكە سو چی براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بوو، ساڵی پاشتر پۆستی راوێژكاری دەوڵەتی میانماری وەرگرت كە هاوشانی پۆستی سەرۆك وەزیرانە.

 دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، دیارترین ئەو رەخنانەی رووبەڕووی سو چی كرانەوە، بێدەنگی ئەو بوو لە بەردەوامی كرداری توندوتیژی كە سوپا دژی كەمینەكان بە تایبەتی كەمینەی مسوڵمانی رۆهینگا ئەنجامی دەدان. بە تایبەت دوای ئەوەی رەتی كردەوە رۆژنامەنووسێكی مسوڵمان دیداری رۆژنامەوانی لەگەڵ ئەنجام بدات وەك لە كتێبی ژیانی سو چی كە نووسەری كتێبەكە باسی دەكات دوای ئەنجامدانی دیدارێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ مەشعەل حوسێنی رۆژنامەنووس ساڵی 2016 ئەنجامدا، رۆژنامەنووسەكە پرسیار لە بارەی بێدەنگی سو چی كرد بەرامبەر توندوتیژییەكانی دژ بە مسوڵمانانی رۆهینگا ئەنجام دەدرێت. 

رۆژنامەنووسەكە دەڵێ سو چی نایەوێت وشەی رۆهینگا ببیستێت، لای ئەو و بووزییە توندڕۆكان كە زۆرینەی میانمار پێكدەهێنن، هێشتا مسوڵمانانی رۆهینگا هاووڵاتیی میانمار نین، بەڵكو ئەوان بەنگالین و داواش دەكەن بگەڕێنەوە بۆ نیشتمانەكەی خۆیان.

 رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئاشكرای دەكات كە سو چی داوای لە ئەمەریكا كردووە چەمكی رۆهینگا بەكار نەهێنێت چونكە هەڵەیە.

چاپكراوەكانی
سو چی چەندان كتێبی هەن، لەوانە نامەكانی میانمار 1998 كە بە هاوبەشی لەگەڵ فیگال كین دەریكردووە، دەنگی هیوا 1998 بەهاوبەشی لەگەڵ ئاڵان كلیمنتس و كتێبی خۆ رزگاركردن لە ترس.

خەڵاتەكان
سو چی ساڵی 1991 خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی وەرگرتووە، هەوەرها خەڵاتی ساخاروف لە پەرلەمانی ئەوروپی لە ستراسبۆرگ وەگرتووە، هاوكات مەدالیای زێڕینی كۆنگرێسی ئەمەریكی ساڵی 2012 وەرگرتووە كە باڵاترین مەدالیایە كۆنگرێسی ئەمەریكی دەیدات بە كەسایەتییەكان.


سەرچاوە/
جەزیرە












وشە - فه‌رمان سادق