هەواڵێك بۆ سەرجەم پێشمەرگەكانی كوردستان

:: PM:12:05:10/10/2016 ‌
تیرۆریستانی داعش جۆرە فێڵێكی تر لە بۆمبڕێژكردنی ئەو شوێنانە دەگرنەبەر كە بەجێیان دەهێڵن و مەترسی هەیە پێشمەرگەكان لە ئەگەری رزگاركردنەوەی ناوچەكان، ئەو زانیارییەیان نەبێ و بەو هۆیەوە بكەونە تەڵەی تیرۆریستانەوە، بۆیە پێویستە هەموو پێشمەرگەكانی كوردستان لەم فێڵە تازەیەی تیرۆریستان ئاگەدار بن.

بەگوێرەی ئەو وێنەی دەست "وشە" كەوتووە، ئێستە تیرۆریستان بۆمب و تی ئێن تی لەناو چوارچێوەی شەمعەی ژوورەكان "گڵۆپی شیری، یان گڵۆپی نیۆن" دادەنێن و لەوكاتەی دەچنە ژوورەكان و پەنجە دەنێن بە سویچ پلاكی هەڵكردنی شەمعەی ژوورەكە، راستەوخۆ دەتەقێنەوە.

ئەو چوارچێوە ئاسنەی شەمعەی پێ لە دیوار دەدرێت، بۆشایی تێدایە و لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆمبی لێ دادەنرێ و دواتر دەبەسترێتەوە و بەهیچ شێوەیەك هەست بەوە ناكەن بۆمبڕێژ كرابێ، بۆیە پێویستە پێشمەرگەكانی كوردستان لە هەموو میحوەرەكانەوە ئاگەداری ئەو فێڵە تازەیەی تیرۆریستان بن و كاتێك شوێنێك رزگار دەكەن، بەهیچ شێوەیەك دەست بۆ سویچ پلاكی شەمعەی ژوورەكان نەبەن.

پێویستە هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانیان، ئاگەداری ئەو زانیارییانە بن و بۆ ئەوەی بە كەمترین زیان، زۆرترین گورز لە تیرۆریستانی داعش بدەن.

وشە/باز ئەحمەد.


وشە - باز ئه‌حمه‌د