نێچیرڤان بارزانی: گرتنی هاوسەرۆكانی هەدەپە بارودۆخی توركیا ئاڵۆز دەكات

:: AM:11:06:05/11/2016 ‌

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، نیگەرانن بە گرتنی هاوسەرۆكان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" و دووپات دەكاتەوە كە گرتنی ئەوان بارودۆخی توركیا ئاڵۆز دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 5ی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی گرتنی هاوسەرۆكانی هەدەپە و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە سیاسییە لەلایەن توركیاوە بڵاو كردەوە.

لە پەیامەكەدا هاتووە، "گرتنی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە یاساییەی توركیا، نیگەرانی كردین. لەو باوەڕەدانی كە ئەوە بارودۆخی توركیا تووشی ئاڵۆزی دەكات".

زیاتر دەڵێ‌، "بۆیە داوا دەكەین هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی هەدەپە ئازاد بكرێن و بەشێوەیەكی هێمن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكرێت و رێز لە ئیرادەی ئەو دەنگدەرانەی توركیا بگیرێت كە ئەوانیان هەڵبژاردووە، هەروەها داوا لە هەدەپەش دەكەین وەك پارتێكی یاسایی توركیا، لە چوارچێوەی یاساكانی توركیادا هەڵسوكەوت بكات".

هەر لەو پەیامەیدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێ‌، "تەقینەوەی دیاربەكر پرۆتستۆ دەكەین كە بووە هۆی گیان لە دەستدانی ژمارەیەك خەڵكی سڤیل و پۆلیس. داوا دەكەین لە پێناو بەرژەوەندی هەموو لایەكدا، دەست بە پرۆسەیەكی مەدەنی و ئاشتیانە لە پێناو چارەسەرییەكی راستەقینەدا بكرێتەوە".

ئەو پەیامەی نێچیرڤان بارزانی لەكاتێكدا دێت كە دوێنێ‌ هەینی 4ی تشرینی دووەم، پۆلیسی توركیا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی هەریەك لە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ هاوسەرۆكانی هەدەپە و لەگەڵ نۆ پەرلەمانتاری ئەو پارتە سیاسییە گیران.

پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە 12 ئاب/ئۆگەستی 2012 دامەزراوە و پارتی كوردی و سۆسیالیستی توركیا و سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ هاوسەرۆكی پارتەكەن و ئایدلۆجیای پارتەكە برتییە لە دیموكراتیزەكردن و چەپ و سۆشیالیزم و دژی سەرمایەدارین و ئەندامی حزبە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا و رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆنالن. هاوسەرۆكی ئەو پارتە سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2014 خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا كاندید كرد و رێژەی 9.76% دەنگەكانی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنی سەركۆماری بەدەستهێنا.

لە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی توركیا لە حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2015 توانی 13.12% دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش رێژەیەكی یەكجار زۆر بوو و توانی 80 كورسی پەرلەمانی توركیا مسۆگەر بكات، بەڵام بەهۆی نەتوانینی پێكهێنانی حكوومەتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رێژەی دەنگەكانی بۆ 10.75%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا واتە بڕی 2.37%ی دەنگەكانی كەمی كرد و بەمەش بووە خاوەنی 59 كورسی لە پەرلەمانی توركیا لە كۆی 550 كورسی.


وشە - ڕێبین فه‌تاح