رۆژنامەیەكی ئیتاڵی: كورد دراو و پاسپۆرتی كۆماری كوردستان چاپ دەكەن

:: PM:10:13:16/09/2017 ‌

هەرێمی كوردستان گوێی بە داواكاری و هەڕەشەكان نەدا بۆ وازهێنان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە ساز بكرێت، ئەویش لە رێگەی هەنگاوێكی تر لەسەر رێگەی جیابوونەوە لە بەغدا و چەسپاندنی سەروەری كۆماری كوردستان لەسەر زەوی هەرێمەكە.

ئەو هەنگاوەی كوردستان بڕیتییە لە دەركردنی دراو و پاسپۆرتێكی كوردی لەپاڵ ئەوەی هەیانە لە ئاڵا و هێزی سەربازی و پۆلیس و هیتریش لە هێماكانی سەروەری و ئەوانەش هەمووی لە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئەنجامی ریفراندۆمەكەدا.

بەپێی رۆژنامەی "لاستامپا"ی ئیتاڵی لە ژمارەی ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كردووە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دراوی نیشتیمانی خۆی چاپ كردووە و چاوەڕوانی خستنەرووی دەكات لەساتی راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمەكەدا.

بە پێی رۆژنامەكە ئەو دراوە نوێیە وێنەی مەلا مستەفای بارزانی سەركردەی مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی لەسەرە، لەپاڵ نووسین بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی، لەو كاتەی نووسینی عەرەبی بەتەواوەتی لەسەر نەماوە، هەروەها درووشمی كۆماری كوردستان كە خۆی لە ئەستێرەیەك دەبینێتەوە لەپاڵ ناوی بانكی ناوەندی كوردستان، كە هەموو ئەوانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی هەرێمەكە خواستی ئەوەی هەیە كە دوا هەنگاو لە رێگەی جیابوونەوەی لە بەغدا باوێت.

لەپاڵ دراوەكەی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان خۆیان بۆ دەركردنی پاسپۆرتی تایبەتی ئامادە دەكەن بەناوی كۆماری كوردستان و دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییانی دەوڵەتە نوێیەكە لە كەمترین ماوەدا، هەر لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان كە پایەتەختەكەی هەولێرە، وەك لاستامپا ئامای بۆ كرد.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل