كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی یه‌كێكه له كۆمه‌ڵگه كۆنه‌پارێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه به پیاوسالاری و باوكسالاری داده‌نرێن، ئاخۆ ژنی كورد تا چه‌ند هۆكاره بۆ ئه‌و حاڵه‌ته و چی كردووه بۆ گۆڕین و خۆسه‌لماندن له به‌رامبه‌ر پیاودا. له‌م به‌دواداچوونه‌دا ژنان تێڕوانینی خۆیان بۆ ئه‌و پرسه ده‌خه‌نه ڕوو.
هاژه سلێمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعیی كوردستان و چالاكی بواری ژن، به"وشه"ی راگه‌یاند، زۆر هۆكار هه‌ن وایان كردووه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی پیاوسالار بێت، یه‌كێك له‌وانه كۆمه‌ڵگه‌كه خۆیه‌تی كه زیاتر گرنگی به پیاو داوه. له‌و رۆژه‌ی منداڵ له دایك ده‌بێت، ئه‌گه‌ر كوڕ بێت زیاتر گرنگی پێ دراوه له‌وه‌ی كچ بێت، واته رێی پێ دراوه له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه زیاتر رۆڵ ببینێ.
به گوته‌ی هاژه، هۆكارێكی تر ئاینه كه وای كردووه زیاتر گرنگی به پیاو بدرێت، بۆ نموونه له میراتدا پیاو دوو هێندی ژنی به‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها وه‌ك له قورئاندا هاتووه پیاو له سه‌رووی ژنه‌وه‌ن (قوامون). "به‌و شێوه‌یه پیاو توانیویانه له رێی ئاینه‌وه زاڵ بن و چه‌ند سهتهیهكیش پێش ئێسته ئه‌و شته هه‌ر هه‌بووه و به‌رده‌وامیشه، واته ئاین رێخۆشكه‌ر بووه بۆ زاڵبوونی پیاو".
"هۆی تریش هه‌یه ره‌نگه لاوازی ژن خۆی بێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ژن بۆچی لاوازه؟ هه‌ر له رۆژی له‌دایكبوونیه‌وه گرنگی به كچ نادرێت، ئه‌وه وای كردووه رۆڵی له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه لاواز بێت، به‌ڵام ئه‌وه سه‌پێنراوه خواستی ژن خۆی نییه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش راست نییه ده‌گوترێ ژن پاڵپشت و هاوكاری یه‌كتر نین" هاژه وای گوت.
په‌خشان زه‌نگه‌نه ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، پیاوسالاری و جیاكاری له دژی ژن نوێ نییه و مێژوویی و زۆر كۆنه، به‌ر له هاتنی ئاینه‌كانیش هه‌بووه، كاتێك ئه‌ركه‌كان دابه‌ش كران كه پیاو بۆ ده‌ره‌وه و ژن بۆ ناوماڵ، ئه‌و جیاكارییه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی پیاو یه‌كلا بووه‌وه و تا دێت كه‌ڵه‌كه ده‌بێت.
زه‌نگه‌نه گوتی "پیاوسالاری چووه‌ته ژێرخانی كولتووری كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، هه‌رچی ده‌گوترێت ژن له‌و پرسه‌دا خۆی تاوانباره، من ده‌ڵێم وانییه به حوكمی ئه‌و دۆخه‌ی به‌سه‌ر ژن‌دا سه‌پێنراوه له‌ڕووی مێژوویییه‌وه، وای لێ هاتووه ژن ئه‌و رۆڵ و پێگه‌ی پێ بدرێت كه رۆڵێكی بنه‌ڕه‌تی نییه".
"له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا گۆڕانكاری زۆر له رۆڵی ژناندا رووی داوه و تا ئاستێك له مافه‌كانیان، ئه‌گه‌ر سه‌یری یاساكانی تایبت به ژن بكه‌ین له كوردستان، زۆر جیاوازن له یاساكانی عێراق، ئێسته له كوردستان ژن له هه‌موو كایه‌یه‌كدا بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه نییه كه خواستی ژنانه، به‌ڵام گۆڕانكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ئاسان نییه" زه‌نگه‌نه وای گوت.
به‌ڵام شوكریه شێخانی په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له كوردستان، به"وشه"ی ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه پیاوسالاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی كه‌می كردووه. به‌گوته‌ی ئه‌و "به‌ر له 30-40 ساڵ پیاو زۆر زاڵ بوو، ئه‌و حاڵه‌ته له هه‌ندێ له كۆمه‌ڵگه‌كانی دووره شار ماوه، هه‌روه‌ها له‌ناو هه‌ندێك بنه‌ماڵه و ناوچه كه بیری هۆزایه‌تی به‌سه‌ریاندا زاڵه یان پێوه‌ست نین به ئاین، بۆیه هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك مه‌ده‌نی بێت و پێوه‌ست بێت به ئاین، پیاوسالاری تیادا نامێنێ".
زیاتر گوتی، پرسی پیاوسالاری پێوه‌سته به پرسی دابه‌شكردنی رۆڵ له نێوان ره‌گه‌زه‌كان، ژن رۆڵی خۆی هه‌یه له‌ناو ماڵدا و وه‌ك سه‌ركرده وایه، پیاویش له ده‌ره‌وه ئه‌و رۆڵه‌ی هه‌یه، بۆیه ئه‌وان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن.
"چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كار بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیریی خێزان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری له میدیادا و ئاراسته‌كردنیان به‌و شێوازه‌ی گونجاوه بۆ كوردستان، بۆیه ئه‌گه‌ر ژن و پیاو رۆشنبیر بن، شتێك نامێنێت به‌ناوی پیاوسالاری" شێخانی وا ده‌ڵێ.