چین هەزار كەرەڤانە بۆ ئاوارەكان دەنێرێت

:: AM:11:37:05/11/2016 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد، كۆماری چین هەزار كەرەڤانەی گەیاندووەتە پارێزگاكە تا ئاوارەكان تێیدا نیشتەجێ بن، بەڵام وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران وەك نەخۆشخانە و قوتابخانەی گەڕۆك دابەشیان دەكات.

جاسم عەسەل ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار ئاشكرای كرد، چین كۆمەك و یارمەتی بۆ ئاوارەكان نارد و ئێستە هەزار كەرەڤانەی نیشتەجێبوون گەیشتوونەتە ئەنبار كە لەلایەن وڵاتی چینەوە نێردراوە و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بڕیاری داوە ئەو كەرەڤانانە بەسەر ناوچەكان دابەش بكات، ئێستەش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هەوڵ دەدات ئەو كەرڤانانە دابەشی سەر ناوچە جیاوازەكانی ئەنبار بكات و بیانكات بە سەنتەری پزیشكی و قوتابخانە بۆ ئاوارەكان.

هەروەها گوتی، ئێستە كەرەڤانەكان لە ناوچەكانی "عەنە و راوە و قائیم"دان، بۆ نەهێشتنی كەموكوڕی خوێندن و پزیشكی  لە ناوچەكان ئەو كەرەڤانانە دەكات بە سەنتەری پزیشكی و قوتابخانە، هاوكات رێكخراوە تەندروستییەكانی عێراقیش 10 كەرەڤانەیان پێشكەش كردووە تا بكرێتە سەنتەری پزیشكی و خزمەت بە ئاوارەكان بكات.

بەهۆی هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەكان لە ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار بە سەدان هەزار لە خەڵكی ئەو ناوچانە ئاوارە بوون و ئێستەش دوای لەناوبردنی تیرۆریستان و پاككردنەوەیان لە ناوچەكە بەشێكی خەڵكەكە، لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی ناوێرن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، ئەوانەشی دەگەڕێنەوە ماڵ و خانووەكانیان بەهۆی شەڕەوە وێران بووە و هیچ شوێنێك نییە تێیدا نیشتەجێ بن، بۆیە پێویستە لەم زستانە نەوایەك پەیدا بكەن، بەوهۆیەوە لەم شوێنانە نیشتەجێ دەكرێن كە لە كەرەڤانە پێك دەهێنرێن.

سەرچاوە/ NNC


وشە - باز ئه‌حمه‌د