"وشە" زانیاری زیاتر لەسەر هێرشەكەی ناو بنكەی سەربازیی ئەمەریكا لە قەراج دەخاتە ڕوو

:: AM:11:59:17/09/2017 ‌

هێزێكی گەورەی ئەمەریكا بە چەك و جبەخانەیەكی زۆرەوە، لە دوایین سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر عێراق جێگیر دەبێت و بەرپرسێكی حزبیی ئەو سنوورە دەڵێت، ئەمەریكا بەو هۆیەوە پەیامێكی هەیە بۆ كورد كە ئەوەی لە تەلەعفەر ڕووی دا، جارێكی تر دووبارە نابێتەوە شەوی ڕابردووش سێ‌ چەكداری داعش هێرش دەكەنە سەر ئەو بنكەیە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی ئەیلوول، ڕەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی مەخمووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چەكدارانی داعش توانیویانە بچنە ناو بنكە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە نزیك گوندی پونگینەی سەربە شارۆكەی قەراج، بەڵام دوای ئاشكرابوونیان لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكا تەقەیان لێ دەكرێت و دووانیان دەكوژرێن.

ئەو بەرپرسە حزبییە دەڵێت، دوای كوشتنی دووانیان، ئەوەی تر هەوڵی خۆ دەربازكردن دەدات و دوای گەمارۆدانی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكای سەر بە بنكەكە خۆی دەتەقێنێتەوە و هیچ زیانێكی نابێت و هێزەكانی ئەمەریكا بریندار و كوژراویان نییە.

بەگوێرەی چەند زانیاریەكیش دراون بە "وشە" خۆ كوژەكان چوار كەس بوونە.

لە حەوتی ئەیلوولی 2017 هێزێكی بەرفراوانی ئەمەریكا كە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبێلی سەربازییان پێیە، لە نزیك سنووری مەخموور جێگیر بوونە، ئەو هێزەی كە سەرجەم جۆرەكانی چەكیان پێیە، دەیەوێت بەرگری لە سنووری دووبز و مەخموور بكات.

ئەو بنكەیە لە نزیك گوندی پونگینەی بەدووری هەشت كیلۆمەتری سەر بە شارۆكەی قەراجی دەشتی هەولێرە و پێ دەچێت بۆ ماوەیەكی زۆر بمێننەوە لەو شوێنە، لەكاتی هێرشكردنە سەر حەویجە پێش هێزەكانی پێشمەرگە بكەون بۆ پاككردنەوەی شوێنەكان.

قەراج سەر بە شارۆكەی مەخموورە، یەكێكە لەو شارۆكانەی پارێزگای هەولێر لە ساڵی ٢٠١٠دا ژمارەی دانیشتووانی مەخموور ١٧٨٬٣١٩كەس بووە كە لە پێنج شارەدێ‌ پێك هاتووە.



وشە - رامیار جەواد