هۆكاری دابەزینی ئاستی لویس سوارێز ئاشكرابوو

:: PM:12:03:17/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی هۆكاری دابەزینی ئاستی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی ئاشكرا كرد بەتایبەت لە یارییەكانی ئەم دواییەی یانەكەدا.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: سوارێز لە یارییەكانی ئەم دواییەی هەڵبژاردەی ئۆرگوای ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە بە پێچەوانەی ئەو ئاستەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە پێشكەشی كردووە.

رۆژنامەكە رەتی كردەوە كە دابەزینی ئاستی سوارێز بەهۆی ئاستی خودی یاریزانەكەوەبێت یاخود پێكانەكانی ئەم دواییە، بەڵكو پەیوەندی بە پلانەكانی ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەرەوە هەیە.

ڤالڤێردی لەگەڵ هاتنی عوسمان دێمبێلێ، شێوازی هێڵی پێشەوەی یانەی بەرشەلۆنە تاڕادەیەك گۆڕیوە، ئەو ئەستێرە فڕەنسییەی بردووەتە لای راست و لیۆنێل میسیشی لە ناوەڕاست جێگیر كردووە و ئەركی لای چەپی هێڵی هێرشبەریشی بە سوارێز بەخشیوە.

ئەم پلانەی ڤالڤێردی وای كردووە ئاستی سواریز كەمتر دەربكەوێ و كەمتر گۆڵ تۆمار بكات بە پێچەوانەی وەرزەكانی رابردوو كە ئەركی سەری رم و تۆماركردنی گۆڵی پێ سپێردرابوو.

سوارێز بەتایبەت لە یارییەكەی دوێنێ شەمووی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی خیتافی نەیتوانی ئاستێكی شایستە پێشكەش بكات و تەنانەت نەیتوانی تۆپێكیش ئاراستەی گۆڵ بكات.

جێی باسە سوارێز لە پێنج یاریی رابردووی یانەی بەرشەلۆنەدا لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا تەنیا یەك گۆڵی بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆڵ تۆمار كردووە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م