ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوو بڕیاری دەركرد

:: PM:07:59:17/09/2017 ‌
ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دوا بەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی، ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند كە تاوتوێی ئەو پێشنیازانەیان كردووە كە شاندی وڵاتانی زلهێز گەیاندبوویانە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و بە پێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەتەوە و تێیدا تاوتوێی ئەو پێشنیازانە كرا كە شاندی وڵاتانی زلهێز گەیاندبوویانە بارزانی.

ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم تێیدا هاتووە، كۆبوونەوەكە ئەو پێشنیازانەی هەڵسەنگاند كە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئاراستەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كراون و ئەو هەوڵانە هەڵسەنگێندران و سوپاسی ئەو بایەخپێدانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرا كە بە گەلی كوردستان دراون. لەو سۆنگەیەوە كە ڕیفراندۆم تەنیا ئامرازە بۆ گەیشتن بە مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم دوو بڕیاری داوە كە ئەمانەن:

یەكەم: لەبەر ئەوەی ئەو پێشنیازانەی تا ئێستە خراونەتە ڕوو ئەو گرێنتییە پێویستانەی تێدا نییە كە جێی ڕەزامەندی و بڕوای گەلەكەمان بێت، بۆیە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەردەوام بێت.

دووەم: لە هەمان كاتیشدا، لەپێناو دەستەبەركردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلەكەمان، بە ڕووحیەتێكی بونیادنەرانەی بەرپرسانەوە درێژە بە پرۆسەی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم