قەسرێ ئاهەنگی پاڵپشتی لە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی ساز دەكات

:: PM:10:10:17/09/2017 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم لە شارەدێی قەسرێی سەر بە شارۆكەی چۆمان، بە مەبەستی پشتگیریكردن لە ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان ئاهەنگێگ بە بەشداری خەڵكی دەڤەرەكە بەڕێوە چوو.

ئەحمەد قادر قایمقامی شارۆكەی چۆمان بە "وشە"ی  راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم لە شارەدێی قەسرێ لە سنووری شارۆكەی چۆمان، ئاهەنگێك بەمەبەستی دەربڕینی پشتگیری بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی  جەماوەرێكی زۆری قەسرێ و دەڤەری باڵەكایەتی بەڕێوە چوو و تیایدا بەشداران بە"بەڵێ" پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

قایمقامی چۆمان ئاشكرای دەكات، لەسەرمانە بۆ بانگەشە و سەرخستی ئەو پڕۆسەیە وەك تەواوی داودەزگە حكوومەتییەكانی چۆمان پێی هەڵبستین، وەك دەرفەتێكی مێژوویی كە دەمانگەیەنێتە خواست و ئامانجە لە مێژەیینەكانمان و ئاسودەیی بۆ گەلەكەمان دەستەبەر دەكات. 

روونی كردەوە، جیا لەمەش لە ڕۆژانی ڕابردووی بانگەشەی هەڵبژاردن، چاڵاكی و كارەكانمان بۆ خزمەتكردنی ڕیفراندۆم بەردەوام بووە، لە ڕۆژانی داهاتووشدا درێژەی دەبێت.

قەسرێ یەكێكە لە شارەدێیەكانی سەر بە شارۆكەی چۆمان كە ڕووبەرەكەی بریتییە لە ١٧٧.٣٤ كم دووجا كە ٪٥ ـی دەشتایییە و، ٪٩٥ ـی چیایە، ژمارەی گوندەكانی قەسرێ 34 گوندە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان، پێنجی ئەیلوول/سێپتێَمبەری وەك سەرەتای وادەی بانگەشەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان دیاری كرد، ئێستەیش لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كوردان لە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی ڕیفراندۆمی كوردستان كردووە و پرۆسەكە بەردەوامی هەیە.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.
 
قەسرێ/ موڕشید برادۆستی  









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل