دوای ئەوەی دۆینی هەینی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن پۆلیسی توركیاوە گیرا، ئەمڕۆ لە رێگەی پارێزەرەكانیەوە پەیامێكی ئاراستەی دۆست و لایەنگرانی هەدەپە كرد.
ئەمڕۆ شەموو، پێنجی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی هەدەپە، لە رێگەی پارێزەرەكانی لەناو گرتووخانەوە پەیامێكی بڵاو كردەوە و تیایدا دووپاتی لەسەر بەردەوامبوونی لە خەبات و سیاسەتەكانی كردەوە و گیرانی لەلایەن دەزگە تەناهییەكانەوە بە پیلانی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە وەسف كرد.
دەمیرتاش لە پەیامەكەیدا رای گەیاند، "ئێمە ڕووبەڕووی كودەتایەك بووینەتەوە كە لەلایەن حكوومەت و كۆشكی "سەركۆمار" بەڕێوە دەچێت، من و هاوڕێیانم لە هەر شوێن و قۆناغێكدا دژی ئەو كودەتا نایاسایییە بە قورس و گرانی دەوەستینەوە. دەمانەوێ هەموو لایەك بەباشی بزانن تا دواپشوو وەفادار دەبین بەو خەباتە ئاشتیخوازانەیەی خەڵكەكەمان بە فیداكارییەوە بەڕێوەی دەبەن.
"بە خۆڕاگری ئێمە، ڕۆژێك دادێت كۆتا بەو زوڵم و زۆردارییە بێت. ئەوان بەم پیلانگێڕییە تەنیا بێ چارەیی خۆیان پشتڕاست دەكەنەوە، هەلومەرجەكان هەرچی دەبن با ببن، ئێمە لەسەر خەبات و تێكۆشانی دیموكراتیكی خۆمان بەردەوام دەبین و بانگەوازیمان بۆ ئاشتی دووپات دەكەینەوە دەكەینەوە"، سەڵاحەدین دەمیرتاش وای گوت.
بەیانیی هەینی، چواری تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، لە كردەوەگەلێكدا، هەریەك لە هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە): سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، لەلایەن پۆلیسی توركیاوە بەبێ هیچ پێشوەختە ئاگاداركردنەوەیەكی یاسایی دەگیرێن.
هەر لەو هەڵمەتەدا، پۆلیسی ئەو وڵاتە نۆ پەرلەمانتاری هەدەپە دەگرێت، ئەم هەڵمەتەش پۆلیسی دژە تیرۆری وڵاتەوە ئەنجام دراوە، بڕیاریشە هەموویان ببرێنە شاری ئامەد و لەوێ لێپرسینەوە و دادگەیییان لەگەڵ بكرێت.
پێشتر لەلایەن چەند پارێزەرێكی ئەو وڵاتەوە، بەتۆمەتی هاندان بۆ دژایەتی حكوومەت، سەڵاحەدین دەمیرتاش و چەند كەسایەتییەكی تری ئەو حزبە ناوای یاسایییان لەسەر بەرز كرایەوە.
ئەمانەی خوارەوە ناوی تەواوی گیراوەكانە:
- سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان
- فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان
- سری سورەیا ئۆندەر پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئەنكەرە
- زیا پیر پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئامەد
- نورسەل ئایدۆغان پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئامەد
- ئیدریس باڵوكەن پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئامەد
- لەیلا بیرلیك پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی شرناخ
- فەرهاد ئەنجو پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی شرناخ
- سەلما ئرماك پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی شرناخ
- عەبدوڵا زێدان پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی جۆلەمێرگ
- گولسەر یڵدرم، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی مێردین
پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە" لە 12 ئاب/ئۆگستسی 2012 دامەزراوە و پارتی كوردی و سۆسیالیستی توركیا و سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆكسەكداغ هاوسەرۆكی پارتەكەن، ئایدلۆجیای پارتەكە برتییە لە دیموكراتیزەكردن و چەپ و سۆشیالیزم و دژی سەرمایەدارین و ئەندامی حزبە سۆسیالیستەكانی ئەوروپا و رێكخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشیۆنالن. هاوسەرۆكی ئەو پارتە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی 2014 خۆی بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا كاندید كرد و رێژەی 9.76% دەنگەكانی بەدەست هێنا و لە هەڵبژاردنی سەركۆماری بەدەست هێنا.
لە هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی توركیا لە حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2015، توانی 13.12% دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش رێژەیەكی یەكجار زۆر بوو و توانی 80 كورسی پەرلەمانی توركیا مسۆگەر بكات، بەڵام بەهۆی نەتوانینی پێكهێنانی حكوومەتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن رێژەی دەنگەكانی بۆ 10.75%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا، واتە بڕی 2.37%ی دەنگەكانی كەمی كرد و بەمەش بووە خاوەنی 59 كورسی لە پەرلەمانی توركیا لە كۆی 550 كورسی.